فێرخوازانى نيوتريشن و دايەتێتکس بەشداریان کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی شەکرە کرد
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٢/١١/١٤) بەسەرپەرشتى دکتۆر صالح مستەفا صالح و مامۆستا غفران، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی شەکرە کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بەئامادەبوونی (دکتۆر دلۆڤان محمد فاتح جلال) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و پزیشکانی پسپۆڕی تایبەتمەند بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەهەماهەنگی ڕێکخراوی تەندروستی ئاشتی ئامادەکرابوو.
لە میانەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا، لەلایەن پزیشکانى پسپۆڕ ڕێنماییەکانی خۆپارێزی و چۆنیەتی ڕێگریکردن لە تووش نەبوون بەنەخۆشی شەکرە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خۆراکانەی کە دەبنەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە ڕێگەى چەند سمینارێکەوە پێشکەش کرا.
لە وتەیەکیدا، کە لە میانەى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا پێشکەشى کرد، بەڕێوەبەری گشتی وتى؛ ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیهانی شەکرەیە ڕۆژێکى گرنگە، چونکە لەم ڕۆژدا گرنگترین شت، کە ڕێکارەکانی خۆپارێزییە بۆ ڕێگریکردن و هۆشیاریکردنەوەی تاکی هاوڵاتی و ئاگاداربوونیان لە و سەرچاوانەی کە دەبنەهۆی تووشبوون بە شەکرە دەخرێتەڕوو، وتیشى لەجیهاندا ئەم نەخۆشیە بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە کە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە ئێستادا بەدەست ئەم نەخۆشیە دەناڵێنن.
لە میانەى پێشکەشکردنى سیمنارەکان لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ، فێرخوازانى نيوتريشن و دايەتێتکس بەشداریەکى کارایان کرد و، چەندین پرسیاریان لە بوارە جیاوازەکانى شەکرە و خۆراکى تەندروست لە پێشکەشکەرانی کۆنفرانسەکە کرد، پاشان ئاشناى نوێترین زانیاری دەربارەی شەکرە و چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردنی کران، هەروەها باس لە ڕۆڵی پسپۆڕانی نيوتريشن و دايەتێتکس کرا لە کۆنتڕۆڵکى نەخۆشیەکانی شەکرە.