فێرخوازانى پزیشکى ددان لە سەنتەرى خانزادى فێرکارى بۆ تەندروستى دەم و ددان بوون
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠/٥/٢٠٢٣) ڕاگرایەتى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر درێژەى بەکاروچالاکیە زانستیەکانى خۆیدا و، بۆ ئەو مەبەستەش بەسەرپەرشتى مامۆستایانى یاریدەر (بڵند ئەحمەد) و (ڕەنا خەلیل) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى کۆلێژى پزیشکى ددان لە شارى هەولێر سەردانى سەنتەرى خانزادى فێرکارى بۆ تەندروستى دەم و ددانیان کرد.
مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن دکتۆر محمد عبدالباست بەڕێوەبەری سەنتەرى خانزادى فێرکارى بۆ تەندروستى دەم و ددان پێشوازییان لێکرا، سەرەتا کورتەیەکى لەبارەى سەنتەرەکە پێشکەش بەفێرخوازان کرد و ڕایگەیاند: سەنتەرى خانزادى فێرکارى بۆ تەندروستى دەم و ددان یەکێکە لە ناوەندە تایبەتمەندە سەرەکییەکانی پزیشکی ددان، کە تێیدا حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی ددان دەستنیشان دەکرێن و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی ددان و ڕاوێژکارانەوە چارەسەر دەکرێن، وتیشى لە سەنتەری خانزاد ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش وەردەگرێت کە لە نێوان ١٥٠-٢٠٠ نەخۆش دەبێت.
دواتر فێرخوازان بەشەکانى سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە، کە لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی پزیشکی ددان و ڕاوێژکاری بەڕێوەدەبرێن، بۆ ئەوەش زانیارى زانستى و پسپۆڕیان لەبارەى کارەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد بەتایبەت لە چۆنیەتی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتە جیاوازەکانی ددان.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى سەنتەرەکەدا بەوردى ئاشناى کاروبارى بەشەکانى (نەشتەرگەری دەم و ددان، تیشک، نەخۆشیەکانی پووک، چارەسەری ددان و پڕکردنەوەی ڕەگ، درووستی ددان، پزیشکی ددانی منداڵان و بەشی ڕاستکردنەوەی ددان) بوون.