فێرخوازانی بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى چالاکیەکى هۆشیاری دەربارەی “بەکتریا و برینی گەدە” لە قوتابخانەی شارستانی کچان پێشکەش دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠/٢/٢٠٢٦)، سەردانی قوتابخانەی شارستانی کچانیان کرد.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سەروان وەسمان حەمەد) بەڕێوەچوو، سەرەتا شاندی فێرخوازان لەلایەن (ڕۆناک یەعقوب) بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا و دواتر فێرخوازانى زانکۆ سیمینارێکی فێرکارییان پێشکەشى قوتابیان کرد. لە سیمینارەکەدا، پێناسەی بەکتریای گەدە و شێوازەکانی گواستنەوەی ڕوون کرایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە خۆپارێزی لە پاکوخاوێنی کەسی و دەستشۆردن و دڵنیابوونەوە لە پاکی ئاو و خۆراکەوە دەست پێ دەکات. هەروەها نیشانە باوەکانی تووشبوون وەک: ئازاری سەرەوەی سک، دڵەکزێ، هێڵنجدان، ئاوسانی سک و نەمانی ئارەزووی خواردن بۆ قوتابیانى ئامادەبوو باس کرا.
لە تەوەرێکی دیکەدا، فێرخوازانی زانکۆ گرنگترین پشکنینە تاقیگەییەکانیان بۆ ناسینەوەی ئەم بەکتریایە خستە ڕوو، وەک: پشکنینی پاشماوە (Stool Antigen Test)، تاقیکردنەوەی هەناسە (Urea Breath Test)، و پشکنینی دژەتەنی خوێن. ئاماژەشیان بەوە کرد کە لە هەندێک بارودۆخدا پێویستە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ پشکنینی وردتر. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی قوتابیان کۆتایی هات.







