فێرخوازانی بەشی تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین گەشتێکی زانستییان بۆ سەنتەری چاو ئەنجامدا
سەرۆکایەتی بەشی تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٨/١٢/٢٠٢٥، گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ سەنتەری چاو لە نەخۆشخانەی سویدی لە شاری هەولێر ڕێکخست. ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (معن صفا) بەڕێوەچوو.
لە سەنتەرەکە لە لایەن دکتۆر (ئەنەس ضاري) پێشوازی لە فێرخوازان کرا، کە تێیدا بەشێوەیەکى زانستی و پراکتیکی باسى لەو ئامێر و کەلوپەلانە کرد، کە بۆ پشکنینی بینین و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی چاو بەکاردێن بەتایبەت ئاماژەى بە میکانیزمی کارکردنی ئامێرەکانی پێوانی تیژیی بینین (Visual Acuity)، ئامێرەکانی پشکنینی شکانەوەی تیشک (Refraction)، و لایتی شەقکراو (Slit Lamp)کرد، جگە لەو ئامێرانەی کە بۆ پشکنینی بنی چاو و پێوانی پەستانی چاو بەکاردێن و ڕۆڵیان لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییە جیاوازەکانی چاو هەیە.
هەروەها دکتۆر ئەنەس ضاري تیشکی خستە سەر گرنگترین ئەو ئامێرانەی، کە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بینیندا بەکاردێن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی وردیی لە کاتی پشکنین، ئامادەکردنی گونجاوی نەخۆش، و پابەندبوون بە بەرزترین بنەماکانی سەلامەتی و پاکوخاوێنی لەناو ژینگەی سەنتەری چاودا.
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، فێرخوازانى بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین ئاشنای میکانیزمەکانی کارکردنی ڕۆژانە و ڕێکخستنی کاروباری چارسەرخوازان کران، بۆ ئەوەش دکتۆر ئەنەس ضاري جەختی لەسەر بنەماکانی مامەڵەی پیشەیی و مرۆیی لەگەڵ نەخۆشەکان کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی باش و دروستکردنی متمانە لەگەڵ نەخۆش، فاکتەری سەرەکین بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و کوالێتییەکی بەرزی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بەتایبەتی لە ژینگەی کارکردنی کلینیکیدا.
لە کۆتایی گەشتە زانستییەکەدا، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی سویدی و ستافی پسپۆڕی سەنتەری چاو کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئاشنابوونیان بە لایەنە پراکتیکییەکانی پسپۆڕییەکەیان.





