فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەى جیهانی نێودەوڵەتیی بنەڕەتی چالاکیەک ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٤/١١/٢٠٢٥)، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتیی بنەڕەتییان کرد.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستا (پۆلا تەحسین محەمەد) ئەنجام درا.لە کاتی گەیشتنیاندا، لەلایەن (نارین عەبدولقادر ڕەفعەت)، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکە، بە گەرمی پێشوازی لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان کرا، پاشان بەرنامەی سەردانەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک چالاکیی کارلێککاریی جۆراوجۆریان لەگەڵ قوتابییانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، لەوانە: پرسیاری کراوە، ڕاهێنانی وەرگێڕانی سادە، سروودی کارلێککاری، دەربڕینی کورت بە چەند زمانێک، چیرۆک خوێندنەوە، یاریی زمانەوانی و پێشبڕکێ دەربارەی فرەچەشنیی کەلتووری. ئەمەش دەرفەتی بە فێرخوازاندا ئاشناى چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان لە پەیوەندیی ڕۆژانە بن، بەتایبەت کە چۆن زمانەکان ڕەنگدانەوەی پاشخانی کەلتووریی جیاوازن.
هەر لە میانەى چالاکیەکەدا، قوتابییانی قوتابخانەکە دابونەریت، گۆرانی، شیعر و خواردنە میللییەکانی خۆیان نمایش کرد، ئەمەش کەشێکی زیندوو و گشتگیری بە سەردانەکە بەخشى.






