فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چاودێری شێوازەکانی وانەوتنەوە و پرۆگرامە پراکتيکیەکان لە ئامادەیی کچانی سنەوبەر دەکەن
فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠٢٥)، سەردانێکیان بۆ ئامادەیی کچانی سنەوبەر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە پەروەردەییە بە سەرپەرشتی مامۆستا پۆڵا تەحسین محەمەد ئەنجامدرا، بەگەیشتنیان، لە لایەن سکاڵا محەمەد ڕەشید، مامۆستای زانی ئینگلیزییە لە قوتابخانەکە، پێشوازی گەرم لە فێرخوازانی زانکۆ کرا، لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر پلانى وانەکان، زمانى پەروەردەیی و ستراتیژە پراکتیکییەکان کە لە پرۆگرامی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکەدا پەیڕەو دەکرێن. دواتریش دەرفەت بە فێرخوازان درا سەردانى پۆلەکانى قوتابخانەکە بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى چۆنیەتى ئامادەکردنى وانەکان بوون، چۆن فێرخوازان هاندەدرێن، چۆن ئاستی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانیان هەڵدەسەنگێنرێن، بۆ ئەوەش فێرخوازان لەگەڵ مامۆستایانى پۆلەکان گفتوگۆیان لەسەر لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان فێرکردنی زمان لە قۆناغی زانکۆ و فێرکردن لە قوتابخانە ناوەندییەکان کرد. ئەم ئەزموونە فێرخوازانی هاندا بۆ بیرکردنەوە لە شێوازەکانی سەرکەوتووی وانەوتنەوە، ستراتیژەکانی کۆنترۆڵکردنی پۆل، و ڕۆڵی هاندان لە فێربوونی زماندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، ستافی قوتابخانەکە سوپاسی فێرخوازانی سەردانکەریان کرد بۆ بەشداری و گرنگیدانیان بە ئەزموونی پەروەردەیی.






