فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کەمپینێک بۆ بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠-٢-٢٠٢٦)، بەشێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، هەڵمەتێکی هۆشیارییان بە دروشمی (خودا ئاوی پێ بەخشیوین بۆ ئەوەی پێی بژین، نەک بۆ ئەوەی بەفیڕۆی بدەین) لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ڕێکخست.
هەڵمەتەکە لەلایەن (ئەحمەد محەمەد، ئەحمەد مەهدی، شەیما حەکیم، و ڕەنج عەبدولڕەحمان) فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بەڕێوەچوو، کە تێیدا برۆشوور و بڵاوکراوەی هۆشیارییان بەسەر سەردانیکەرانی پارکەکەدا دابەش کرد. لە ڕێگەی ئەم بڵاوکراوانەوە، تیشک خرایە سەر گرنگیی ئاو وەک شادەماری ژیان و چەندین ڕێنمایی و هەنگاوی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە ژیانی ڕۆژانەدا پێشکەش بە هاوڵاتیان کرا، لەگەڵ هۆشداریدان لە مەترسییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی پاک.
هاوڵاتیان بە گرنگییەوە لەم هەڵمەتەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریان ڕوانی، بەتایبەت کە لە ئێستادا جیهان و ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی کەمیی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە. فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاو ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ گەرەنتیکردنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو.






