فێرخوازان بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان سەردانی سەنتەرێکى لەشجوانی دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٠/٥/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری (دانا عبدالباقی محمد) سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم و دووەم بۆ سەنتەری لەشجوانی وەرزشی تارین ڕێکخست.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (پشتیوان مەهدی) بەڕێوەبەری سەنتەرەکەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى ڕۆڵی سەنتەرەکانی لەشجوانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی جەستەیی و تەندروستیەکان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، هەروەک جەختی لەسەر پێویستی زانینی چۆنیەتی کارکردنی ئامێرە وەرزشییەکان کردەوە، وتیشى پێویستی زانین و تایبەتمەندییەکانی هەر ئامێرێک و گرنگییەکەی لە کاتی ڕاهێنان بۆ پەرەپێدانی گروپە ماسولکەکان بەهۆی تایبەتمەندیەکانیانەوە یەکێک لە پێداویستیە هەر گرنگەکانى ڕاهێنەران و وەرزشوانان بەتایبەت لە سەنتەرەکانى لەشجوانى.
پاشان فێرخوازان بەشەکانی سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە لەوانەش مەلەوانگە و هۆڵى ئامێرە وەرزشیەکان، لە مەلەوانەگەکەدا سەرپەرشتیارەکە بەوردى باسى چۆنیەتی تەعقیمکردنی ئاوەکە و ڕێکارەکانی پاککردنەوەی مەلەوانەکە و چۆنێتی پاراستنی پاک و خاوێنی سەنتەرەکە بە گشتی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.