فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن لە ڕادیۆى هێلین باس لە میدیا و هونەرى شیعر دەکات
ژیکار ئەمیر نامق یەکێکە لە فێرخوازەکانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لەلایەن ڕادیۆى هێلین لە شارى هەولێر وەک بەهرەمەندێک لە بوارى شیعر میواندارى کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەزمونى شیعرى بەڕێزیان و کاریگەرى میدیا لەسەر شیعر و بەهرمەندان.
بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەپێشکەشکردنى پارچە هۆنراوەیەک دەستپێکرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى ژیانى خۆى باسکرد و بەتایبەت لە بوارى شیعرى و ئەو کۆڕە شیعرى و ئەدەبیانەى کە لە شارە جیاوازەکان بەشداریکردوە، وتیشى شیعر خولیایە و ئەو هەستەیە کە ناتوانى ڕاستەوخۆ بەرامبەر بەکەسەکان گوزارشتى لێ بکەیت.
ئەو فێرخوازەى بەشى ڕاگەیاندن وتیشى شاعیر وەک پەیامنێرى ڕۆژنامەوانى ڕۆڵى گرنگى هەیە لە کۆمەڵگە، ئینجا لە ڕووى ڕەخنەگرتن لە دیاردە دزێوەکان، یان گوزارشتکردن لە هەست و سۆزى خەڵک، یاخود پەیامى جیاواز بۆ خەڵک ڕەوانە بکات، لەهەمان کاتدا بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى ڕاگەیاندن کرد لە ناساندنى تاکەکان بەکۆمەڵگە بەتایبەت ئەو تاکانەى خاوەن بەهرە و لێهاتویی تایبەتن لە بوارێک لە بوارە جیاوازەکانى ژیان، وتیشى میدیاى نوێ ئەو درفەتەى بۆ بەهرەمەندەکان زۆر زیاتر کردوە بۆ ناساندنى بەرهەمەکانیان.
لە بەشێکى دیکەى ئەو دیدارە ڕۆژنامەوانیەدا، کە سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١٠/٢٠٢٢) بەڕێوەچوو، ژیکار ئەمیر نامق بەپێشکەشکردنى چەند پارچە هۆنراوەیەک بەرنامەکەى جوانتر کرد و، کەشێکى شعرى ئەدەبى لە ستۆدیۆى کەناڵەکە دروستکرد.