لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر چالاکیەکى زانستى لە نێوان فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەشی زانستی کۆمپیوتەرلە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بۆ پەرەپێدان بە ئاستی زانستی فێرخوازان، چالاکییەکی زانستى بەڕێوەچوو.
ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٠٥/٢٠٢١ ) لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی (دکتۆر حەسەن فەهمی دەلوی) چالاکى زانستى تایبەت بە (ئەپڵیکەێشنی مۆبایل) بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر ڕێکخرا.
لەم چالاکییە فێرخوازان ڕاسیپێردران بۆ دروستکردنى (٢٥) ئەپڵیکەیشنى جیاوازی مۆبایل، لەوانە (ئەپڵیکەیشنى کڕینی ئۆنلاین، ئەپڵیکەیشنى فیدباکی فێرخوازان، ئەپڵیکەیشنى پزیشکی، ئەپڵیکەیشنى بەڕێوەبردنی فرۆشگە، ئەپڵیکەیشنى بەکرێدانی ئۆتۆمۆبیل) ئەمانە چەند نموونەک بوون لەو ئەپڵیکەیشنانە، کە لە لایەن فێرخوازان درووستکرابوون.
لە میانەى ئەم چالاکییەدا، هەر گرووپ لە فێرخوازان پڕۆژەی خۆیان و، چۆنییەتی کارکردنی لەگەڵ گشت بەشداربووان هاوبەش کرد، دواتر هەر یەک لە پڕۆژەکان لە لایەن بەشداربووان تاوتوێکران، لە بەشێکی تری ئەو چالاکییەدا (دکتۆر حەسەن فەهمی دەلوی) چەند بیرۆکەیەکی نوێی لە بازاڕی کاری ئەپڵیکەیشنى مۆبایل بۆ فێرخوازان خستەروو، هەروەک جەختی لەسەر گرنگی ئاشنابوون بەبازاڕی کاری زانستی کۆمپیوتەر لەلایەن فێرخوازان و چۆنییەتی بەشداربوون و سەرکەوتن لەم بازاڕەدا کردەوە.
ئامانجی سەرەکی لەم چالاکییەدا هاندان و پاڵپشتیکردنی فێرخوازانە بۆ پەرەپێدان بە دەستکەوتە زانستییەکانیان، ئەوەش لە ڕێگەی درووستکردنی کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشنى جۆراوجۆری مۆبایل.