
لە زانکۆى جیهان سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بۆ زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەدەچێ
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بۆ زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەدەبات.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە ڕۆژى چوارشەممەى داهاتوو ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢١) و، بەڕەچاوکردنى ڕێنماییەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەست پێ بکات، چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و شارەزایان لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵەندا، مالیزیا، هیندستان، تورکیا، ئوردن، میسر و قەتەر) دەخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، ژمارەیەک توێژینەوەى ئاست بەرز لە بوارەکانى زانستە کارگێڕى و داراییەکان پێشکەش دەکرێ.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس، توێژینەوەکان دابەشى سەر چەند تەوەرێک کراون و، دواى پێشکەشکردنیان لەلایەن توێژەرانەوە، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە کە بەشدارى کۆنفرانسەکە گفتوگۆی لەبارەوە ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى دەکەن.