فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەسەر دەکەنەوە
بەئامانجى ئاشنابوون بەچۆنیەتى کارکردن لە دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم رێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٣/٢٠٢١) بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیونى جیهان ئەنجامیاندا، فێرخوازان بەشە جیاکان و ستۆدیۆکانى تەلەفزیۆن و ڕادیۆى جیهانیان بەسەرکردەوە.
لەلایەن بەڕێوەبەر و مامۆستاى سەرپەرشتیار چۆنیەتى کارکردن لە ستۆدیۆ بۆ فێرخوازان ڕونکرایەوە، هەروەک ئاشناى ئەو ئامێر و ئامرازانە کران، کە لە تەلەفزیۆن بۆ تۆمارکردنى دەنگ و ڕەنگ و پەخشکردن بەکاردێن، پاشان بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەزمانەکانى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى بەشداریان لە چەند بڕگەیەکى بەرنامەیەکدا کرد.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عومەر حەیدەرى ئەنجامدرا، فێرخوازان ستۆدیۆکانى مانگى ڕەمەزانیان بەسەرکردەوە، کە لەلایەن تەلەفزیۆن و ڕادیۆى جیهان بۆ هاتنى مانگى ڕەمەزان ئامادەکارى تێدا دەکرێ بەتایبەت لە دیکۆر و لۆکەیشن و ناوەڕۆکى پرۆگرامەکان.
لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرى کەناڵەکە بەخێرهێنانى لە فێرخوازان کرد و خۆشحاڵى خۆشى پیشاندا بەو ئاستە بەرزەى کە لە بوارى ڕاگەیاندن هەیانە، دوپاتیشکردەوە کە دەرگاى تەلەفزیۆن و ڕادیۆى جیهان هەمیشە بۆ خزمەتکردن بەفێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان کراوە دەبێ بۆ پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتووەکانیان بەتایبەت لە بوارى ڕاگەیاندن.