لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى سەرکردایەتى بۆ ستافى زانستى زانکۆ بەڕێوەچوو
بەشى کارگێڕى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى ڕاهێنانى بەناونیشانى (خولى ڕاهێنانى سەرکردایەتى بۆ دەستەى وانەبێژان) کردەوە.
لەو خولەدا، کە لە ماوەى ئەم مانگەدا، لە هۆڵى جیهان بۆ ڕاهێنان و پەروەردە بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە ستافى زانستى و ئەندامانى دەستەى وانەبێژان لە بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان تێدا کرد.
لە خولەکەدا، کە ماوەى شەش ڕۆژى خایان، ڕۆژانە بۆ ماوەى دوو سەعات بەردەوام بوو، لەلایەن دکتۆر سەمیر سەڵاحەددین سەرۆکى بەشى کارگێڕى گشتى وانەکان بەشێوەیەکى تیۆرى و پراکتیکى پێشکەشى بەشداربووان دەکرا.
ئامانج لە کردنەوەى ئەو خولى ڕاهێنانەدا، ئاشناکردنى بەشداربووان بوو بەبایەخ و گرنگى تواناى مامۆستا لە سەرکردایەتیکردنى پۆلى وانەوتنەوە، بۆ ئەوەش ئاماژە بەگرنگترین ئەو تایبەتمەندیانە کرا، کە پێویستن لە ئەندامانى دەستەى وانەبێژاندا هەبێ، بۆ دورخستنەوەى فێرخواز لە بێزارى و بێ تاقەتى، ئەوەش بەجێبەجێکردنى پلانى و ستراتیژى جۆراوجۆر و ئەنجامدانى چالاکى لە بوارە جیاوازەکان لە ناو پۆلدا، هاوکات هاندانى فێرخوازان بۆ خستنەڕوى توانا و لێهاتوویان لەناو پۆل و بەشداریپێکردنیان لە وانە زانستیەکان بەهەنگاوێکى دیکەى گرنگى ئەو بوارە لە قەڵەم درا، چونکە ئەو چالاکیانە دەرفەت دەڕەخسێنى بۆ فێرخواز کە تواناى داهێنانى زیاتر بکات و، باشتر بتوانێ بابەت و دیاردە جیاکان شى بکاتەوە و چارەسەرى گرفتەکان بکات.
هەر لەو خولەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانى تواناى دەستەى وانەبێژان کرایەوە، بەشێوەیەک لە کۆتایى خولەکەدا، مامۆستایان بەسەرکەوتووى دەتوانن:
- ڕاهێنان بەفێرخوازان بکەن لە برى ئەوەى پشت تەنها بەمامۆستا ببەستێ، پشت بەتوانا و لێهاتوویى خۆى ببەستێ و، فێرخواز ببێتە چەقى پڕۆسەى فێربوون.
- گۆڕینى ژینگەى پۆل بۆ ژینگەى بەشدارپێکردنى فێرخواز، بەشێوەیەک فێرخواز لە پڕۆسەى زانستیدا هاوبەشى پێ بکرێ.
- گۆڕینى ژینگەى داخراوى پۆل بۆ ژینگەیەکى کراوەى جۆراوجۆر، ئەوەش لە رێگەى پێشکەشکردنى وانەى جیاواز و چالاکى جۆراوجۆر.
- هەروەها گۆڕینى ژینگەى جێگیرى پۆل بۆ ژینگەیەکى پۆلى جوڵاو، واتا فێرخواز بەهۆى چالاکیەکانى بتوانێ لەناو پۆل تەنها لەیەک شوێن جێگیر نەبێ، بەڵکو لە جوڵەى و بزاوتى بەردەوامدا بێ.
لە کۆتایى خولەکەشدا دەرفەت بەئامادەبووان درا، بۆ خستنەڕووى بۆچوونەکانیان و ئاراستەکردنى پرسیارەکانیان بەپێى ئەزمونى کەسیان لەناو پۆلەکاندا.