شاندێکى بەریتانی سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بەمەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر شاندێکى زانکۆى لیستەرى بەریتانى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد.
ڕۆژى سێ شەممە رێکەوتى (٢٥/٥/٢٠٢١) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى لیستەرى بەریتانى بەسەرۆکایەتى (دکتۆرە میامن ئیبراهیم طائی) کرد.
دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە نێوان هەردوو زانکۆکە کرا.
سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشکرد بەشاندى میوان کرد و، ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە”، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان باسى لەگەشەسەندنى زانکۆکەى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى هەر لە ساڵى (٢٠٠٧) تا ئەمڕۆ بۆ شاندى میوان کرد، ڕونیشیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر لە “ئێستادا (٧) کۆلێژ و (٢٢) بەشى زانستى لەخۆگرتوە و، نزیکەى (٥) هەزار فێرخواز هەیە”.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتە باسێکى لەبارەى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی کرد، وتیشى زانکۆکەمان تەنها جەخت لەسەر پێدانى بڕوانامەى دەرچوون بەفێرخواز ناکاتەوە، بەڵکو چەندین کارى گرنگى دیکەمان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە کردوە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین خولى زانستى جۆراوجۆرمان بۆ وەزارەتەکان کردۆتەوە، هاوکات چەندین پڕۆژەى دیکەمان بۆ وەزارەتە جیاکان لە هاوکارى و هەماهەنگى پێشکەشکردووە، جگە لەوەش هاوکار و پاڵپشتى ڕێکخراوەکانى و سەندیکاکان بووین، لە ئێستاشدا لەگەڵ پاڕلەمانى کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ پێشکەشکردنى پڕۆپۆزەڵێک سەبارەت بەڕەشنوسى دەستورى هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پرۆفیسۆ دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەخستنەڕووى چەندین نمونە باسى پێشەنگبوونى زانکۆکەى کرد، بەتایبەت لە بوارى سیستمى (E-Learning) ڕونیکردەوە، یەکەم زانکۆبوون لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان بەر لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرنا بەچەند مانگێک سیستمى (E-Learning) یان جێبەجێکردوە، بۆیە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرنا و داخستنى ناوەندەکانى خوێندن بەراورد بەناوەندەکانى دیکە کەمتر کاریگەرى لەسەر زانکۆکەمان هەبوو، چونکە ستافى زانستى و فێرخوازان ڕاهێنانى تەواویان پێکرابوو.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، کە دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانى جێگرى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبوون، شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا بەو بەرەوپێشچونەى لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیهاتووە، بۆ ئەوەش (دکتۆرە میامن ئیبراهیم طائی) دواى ئەوەى کورتە باسێکى لەبارەى زانکۆکەیان باسکرد، ئینجا ئاماژەى بەئامانجى سەردانەکەیان بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: ئەخوازین پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ زانکۆکەتان دروست بکەین، بۆ پەرەپێدانى تواناى زانستى مامۆستایان بەتایبەت لە بوارى پەروەردە و، توێژینەوە و پێداگۆجى، هیواشى خواست ئەم سەردانە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى ببێتە بەردى بناغەى پەیوەندییەکى درێژخایان و پتەو، کە دوجار بەخزمەتکردنى زانکۆ و کۆمەڵگەى هەردوولامان بکەوێتەوە.