لە زانکۆى جیهان-هەولێر سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زمان و پەروەەرد بەڕێوەدەچێ
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر سێیەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و پەروەردە بەناونیشانی « دەرکەوتنى ئاسۆی نوێ لە بوارى زمانەوانی، ئەدەب، پەروەردە و، وەڕگێڕانناسی» بەڕێوەدەبات.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە لە ڕۆژانى (١-٢/٣/٢٠٢٣)، لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆى جیهان-هەولێر دەست بەکارەکانى بکات، چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز و ڕەسەن لەلایەن توێژەر و زانایان و بیرمەندان، کە نوێنەرایەتى زانکۆ و وڵاتەکانیان دەکەن لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى پێشکەوتوو دەخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، دەیان توێژینەوەى ئاست بەرز لە بوارەکانى پەروەردە و زمان پێشکەش دەکرێ، کە لەماوەى ڕابردوو لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکان پێشکەشى لێژنەى هاوبەشى ئامادەکارى کۆنفرانس کراون و هەڵسەنگاندنى زانستیان بۆ کراوە.
وەک لە بەرنامەى کاردا هاتووە لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسدا و، لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس پێشکەش دەکرێ، پاشانیش لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاواز توێژینەوەکان لەلایەن توێژەران پێشکەش دەکرێن، کە تایبەتن بە (بابەتە هەنووکەییەکانی زانستی زمانەوانی، ئەدەب، پەروەردە، وەڕگێڕانناسی..هتد) دواى پێشکەشکردنی توێژینەوەکان، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە کە بەشدارى پانێڵە جیاکانى کۆنفرانسەکە دەکەن گفتوگۆ لەبارەى ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى توێژینەوەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکرێ لە توێژینەوەکاندا باس لەو پێشکەوتون و پەرەسەندنە نوێیانە بکرێ، کە لە بوارى پەروەردە و زمان بەدیهاتوون.
لە ئێستادا لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێوشوێنەکانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکە، تەواو بون و، ئامادەکارى دەکرێ بۆ ڕۆژانى دەستپێکردنى کۆنفرانس.