لە پارێزگاى نەینەوادا؛ زانکۆی جيهان-هەولێر بەشداری لە یادى ڕۆژی زانستی پزیشکی ددان کرد
لەسەر بانگهێشتى فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاى نەینەوا؛ دکتۆر قەیس بورهان ئەلجومەیلی ڕاگری کۆلێژی پزیشکی ددان بە نوێنەرایەتى سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان -هەولێر، بەشداری لە مەراسیمى کردنەوە و بەڕێوەچوونى چالاکییەکانی ڕۆژی زانستی بەشی ددان لە پارێزگای نەینەوا کرد.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٣/١١/٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی سەدان پزیشکی ددان و، ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسی ئیدارى پارێزگا بەڕێوەچوو، چەند وتارێکى تێدا پێشکەش کرا لەو چوارچێوەیەدا، دکتۆر قەیس ئەلجومەیلی سوپاسى بانگهێشتنامەکەى کرد، پاشان باسى لە کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، دواتر هەر لە وتارەکەیدا تیشکى خستە سەر دواین پێشهاتەکانی ئاستى بەرەوپێشچونى زانستى پزیشکی ددان، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر گرنگی مۆدێرنکردن و نوێکردنەوەى بەردەوامی زانستى پزیشکی کردەوە بەتایبەت لە بوارى پراکتیکى بۆ ئەوەی پزیشکانى ددان لە عێراق هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکان هەڵبکەن و زانستەکانیان نوێ بکەنەوە.
لە پەراوێزى بەڕێوەچونى کۆنفرانسەکەدا، نوێنەرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدار و کۆبونەوەى جیاى لەگەڵ پسپۆڕان و ئەکادیمیستان ئەنجامدا و، ئەزموون و بۆچوونەکانیان لەبارەى زانستى پزیشکى ددان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ کرد، بۆ ئەوەش ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى تیشکى خستە سەر ئاستى زانستى و ستافى زانستى و تاقیگەکانى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئاستى ئەو هەماهەنگى و هاوکاریانەى کە لەگەڵ ناوەندە زانستى و ئەکادیمیەکان لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق و نێودەوڵەتى هەیانە.