لە ڕۆژى ئاڵادا لە لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى تایبەت بەڕێوەچوو
ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠٢٥) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان و فێرخوازان و، ژمارەیەک لە میوانان لە گۆڕەپانى زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێک بۆ پیرۆزکردنى ڕۆژى ئاڵا بەڕێوەچوو.
لەو چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر لە وتارێکدا دواى پیرۆزکردنى ڕۆژى ئاڵا، ئاماژەى بەمێژوى هەڵکردنى باڵاى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە وتى: وەک ئاشکرایە بۆ یەکەم جار لەمێژوودا، لە ڕێکەوتى (١٧/١٢/١٩٤٥) لەشارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکرا، پەڕلەمانى کوردستانیش لە ڕێکەوتى (١٧/ ١٢/٢٠٠٩) لەکۆبوونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بەرۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، مایەى خۆشحاڵیمانە ئێمەش وەک زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، ئەمڕۆش لەگەڵ فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى زانکۆکەمان بەشدارى لەو مەراسیمە پڕ شکۆیەدا دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئەرکى فێرخوازان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، کە ڕوەو ئایندە هەنگاو بنێین و، لە ژێر سایەى شەکانەوەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان، لە داهاتوودا هەریەکێکتان لە گۆشەیەکى جیا بەشدارى بکەن لە بونیادانەوەى ژێرخانى و سەرخانى نیشتمیانەکەمان، بۆیە ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ئێوەى فێرخواز بەرگرى لە ئاڵا و خاک و نیشتیمان و، خۆشتان بۆ زانست و مەعریفە زانیارى تەرخان بکەن.
هەر بەو بۆنەیەوە؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى لە پێشکەشکرد و، تیایدا سەربارى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە لە فێرخوازان، هانیدان پەرە بەتوانا زانستیەکانیان بدەن، تا ئاڵاى کوردستان هەمیشە گەشاوە بێت و، لە ژێر ئەو ئاڵایەش بتوانن خزمەت پێشکەش بەگەلەکەیان بکەن، وتیشى ئەم سەردەمە سەردەمى تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە، هیوادارم پەرە بە توانکانتان بدەن.
پاشان وتارى فێرخوازان خوێندرایەوە و تەئکید لە بەرزڕاگرتنى ئەو ڕۆژە و پیرۆزکردنى ئاڵاى کوردستان کردەوە.
لە کۆتاى مەراسیمەکەدا لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، میوانانى ئامادەبوو؛ ئاڵاى کوردستان لە گۆڕەپانى زانکۆ بەرز کرایەوە و فێرخوازانیش بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێیان سازکرد.











