لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرەدا، فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى پزیشکى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٤/١١/٢٠٢٣) و، لە ڕۆژى جیهانى شەکرە و، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەخۆشی شەکرە و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری تەندروستی، بەسەرپەرشتی مامۆستایانى یاریدەدەری (هێرۆ ئیسماعیل و سارە محەمەد) و، بە هاوکاری کارگێڕی (گراند ماجیدی مۆڵ)، فێرخوازانى قۆناغى دوەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى تەندروستیان بەڕێوەبرد.
فێرخوازان لە میانەى چالاکیەکەیاندا، کۆمەڵێک پشکنینی سەرەتاییان بۆ هاوڵاتیان سەبارەت بە نەخۆشی شەکرە ئەنجامدا؛ لەوانەش پشکنینى پەستانی خوێن، ئاستی شەکری خوێن، (HbA1c) (هیمۆگلۆبین گلایکەت)، هۆرمۆنی هاندەری غودەی دەرەقی (TSH)، پشکنینی چەوری و شیکاری پێکهاتەی جەستە.
هەر لە میانەى چالاکیەکەدا؛ پسپۆڕانی تەندروستی و پسپۆڕانی بەشی بایۆمیدیکاڵ؛ لەوانە پزیشکی دەرمانساز دکتۆر سارا محمد و دکتۆر چرا نوری ئامادەبوون و، ڕێنمایی پزیشکىیان پێشکەش دەکرد، هەروەک باسیان لە شێوازەکانی ژیانی تەندروست و کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشی شەکرە بە شێوەیەکی کاریگەر پێشکەش بە هاوڵاتیان ئامادەبوو کرد .
چالاکییەکە بووە مایەى خۆشحاڵى هاوڵاتیانى ئامادەبوو، هەروەک بووە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى شارەزایی و هۆشیاریان لەبارەى نەخۆشى شەکرە و چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى.