
لە کۆنفرانسێکى زانستیدا زانکۆى جیهان-هەولێر پڕۆژە نایابەکانى فێرخوازان ڕادەگەێنێ
بۆ دەرخستنى توانا و شارەزایی و لێهاتووى دەرچووانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامانجى پەرەپێدان بەکەلتورى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان فێرخوازان لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە نێوان فێرخوازان لەلایەک و مامۆستایانى سەرپەرشتیار لەلایەکى دیکە، سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆنفرانسێکى تایبەت بەتوێژینەوەى دەرچوونى فێرخوازان بەڕێوەدەبات.
ڕۆژى پێنچ شەممەى داهاتوو ڕێکەوتى (١٠/٦/٢٠٢١)، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و فێرخوازان، لە کۆنفرانسێکى زانستیدا (پڕۆژە نایابەکانى فێرخوازان) ڕابگەێندرێ.
لەو چالاکیە زانستیەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەدەچێ، پڕۆژە نایابەکان لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکان، لەگەڵ ناونیشانى توێژینەوەکان و ناوى توێژەران و سەرپەرەشتیارانى توێژینەوەکان ئاشکرا بکرێن و، ناسناوى توێژینەوە (نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠-٢٠٢١) بەدەست دەهێنن.
ئەو کۆنفرانسە زانستیە هەموو ئەو بەشە زانستیانە دەگرێتەوە، کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) فێرخوازى دوا قۆناغى خوێندنیان هەبووە، کە ژمارەیان (١٦) بەشى زانستیە، کۆنفرانسەکە دەبێتە وێستگەیەکى گرنگ لەژیانى فێرخوازن بۆ ناساندنیان و دەرخستنى تواناکانیان، کە ڕەنگدانەوەى گرنگ و گەورەى دەبێ لەسەر شاڕێى ژیان و کارکردنى داهاتوویان.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کوردستان هەر لەساتى دامەزراندنیەوە بەردەوام گرنگى تایبەتى بەپڕۆژەى دەرچوونى فێرخوازانى داوە، چونکە دیدگە و تێڕوانینى بۆ توێژینەوەى دەرچوون ئەوەیە، کە یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی داهێنەرانەی فێرخوازان.
هاوکات پێى وایە زۆرجار پڕۆژەى دەرچونى فێرخوازان ئاسۆیەکى نوێی بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە کردۆتەوە، کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ودامەزراوە جیاکانى هەرێم دەبنەوە، ئەوەش لە ئەنجامى بەپشت بەستنى زانکۆى جیهان-هەولێر بە میتۆدە زانستیە هاوچەرخەکان و پیادەکردنى میکانیزمی نوێ بەدیهاتوون.