هەڵسەنگاندنى بۆ بەڕێوەچوونى کاروبارى گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆ دەکرێ
بۆ ڕێکخستنەوە و باشتر ڕایکردنى کاروبارەکانى هەردوو گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا، کە بەسەرپەرشتى (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، ئەندامانى دەستەى نوسەرانى گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆى جیهان ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتى کاراکردنى کاروبارى گۆڤارە زانستییەکان و، هەڵسەنگاندنى توێژینەوەکان لەلاى پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە کرا.
لە کۆبونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢١) بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) دیدگەى زانکۆکەى بۆ چۆنیەتى باشتر ڕایکردنى کاروبارەکان خستەڕوو، بەتایبەت لەو بابەتانەى کە پەیوەستن بەماوەى مانەوەى هەڵسەنگاندنى توێژینەوەکان لەلاى پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە، بۆ ئەوەش جەخت لەوە کرایەوە کە هەر توێژینەوەیەک ئاراستەى هەڵسەنگێنەرى زانستى دەکرێ پێویستە لە ماوەیەکى دیاریکراودا هەڵسەنگاندنەکەى تەواو بکات و ڕەوانەى دەستەى نوسەرانى بکاتەوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر دوو گۆڤار دەردەکات، گۆڤارى یەکەم تایبەت بە بەشە زانستییەکان بەناونیشانى (گۆڤارى زانستى زانکۆى-هەولێر، زانست – ئەندازیارى-تەکنەلۆجى) و، گۆڤارى دووەم تایبەت بە بەشە مرۆییەکانە بەناونیشانى (گۆڤارى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ زانستە مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتییەکان).