وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان ناوەندە ڕۆشنبیریى و کەلتورییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەردەکاتەوە
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: زانکۆی جیهان-هەولێر لە پاڵ ئەوەى ناوەندێکى زانستى و ئەکادیمى پێشەنگە لە کوردستان، لەهەمانکاتدا ناوەندێکى گرنگى بوارى ڕوشنبیری و هونەر و پاراستنى کەلتوریشە.
ئەو ڕاگەیاندنەى حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری ولاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٠٢١/١٢/٢٠ لە میانەى بەسەرکردنەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر هات.
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی ئەمیندارییەتى زانکۆکانی جیهان پێشوازی لێکرا، لە دیدارێکدا، کە لەسەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو گفتوگۆ لەبارەى دۆخى ڕۆشنبیری وهونەر و، کاریگەری زانکۆ لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە و، دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆ و وەزارەتەکان بۆ خزمەتی زیاتری بە بوارى زانست و ڕۆشنبیری و کایەکانی تری ژیان کرا.
پاشان بەهاوڕێیەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی ئەمیندارییەتى زانکۆکانی جیهان، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان چەند بەش و دامەزراوەیەکی کەلتورى و ڕۆشنبیرى و هونەرى زانکۆکەی بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەدا و، لە سەنتەری ڕۆشنیری زانکۆی جیهان حەمەی حەمە سەعید پێشانگەی (ڕەنگ خۆشی دەوێیت)ی هونەرمەند و شاعیر ئازاحەسیب قەرەداخی بەسەر کردەوە، لەو پێشانگەیەدا هونەرمەند دوای (30) ساڵ دابڕان لە کارى هونەری شێوەکاری (30) تابلۆی نمایش کردوە، دواى بەسەرکردنەوەى تابلۆکانى پیشانگەیەکە، وەزیرى ڕۆشنبیرى دەستخۆی لە ئازاحسیب قەراداغی کرد و هیوای بەردەوامی وسەرکەوتنی لە کارە هونەرییەکان بۆ خواست.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیدا، حەمەى حەمە سەعید لە کتێبخانەى زانکۆ ناوەندى دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامەکانى بەسەرکردەوە، کە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکان و تا ئێستا کۆمەڵێک سەرچاوە و زانیارى کە لەبارەى کوردەوە نوسراون بەتایبەت لە سەردەمى دەسەڵاتى عوسمانى کۆکراوەتەوە و لەلایەن زانکۆ چاپکراوەتەوە.
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان، لەپای ئەو هەوڵ و تێکۆشانەیان بۆ هونەرو ڕۆشنبیری، دەستخۆشی لە ئەمینداریەتى و سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، وتی “زانکۆی جیهان لە هەولێر یەکێکە لەزانکۆ سەرکەوتووەکان و، هیودارین پێکەوە هەماهەنگبین بۆ کار و چالاکی هاوبەش لەپێناو هونەر و ڕۆشنبیری و مێژووی نەتەوەیمان”، لەهەمانکاتدا سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەکردن بۆ ئەو گرنگیدانەى کە بە بوارى هونەر و ڕۆشنبیری و پاراستننی بەشێک لە شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنی کوردەواورى دەدەن.
لە بەرامبەردا سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانەى وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەربڕى و، جەختیان لە گرنگى هاوکارى و هەماهەنگى زیاترى نێوان هەردولا کردەوە بۆ بایەخدان و پەرەپێدان و پاراستنى زیاترى لایەنى کەلتورى و ڕۆشنبیرى کۆمەڵگەى کوردستانى.