يارى كۆتایی خولى تۆپى سەرمێز لە نێوان فێرخوازانى کچ بەشە زانستیەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو
یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز بۆ فێرخوازانى کچ لە بەشە زانستییە جیاکانى زانکۆى جیهان -هەولێر بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوو، کە لە نێوان دوو فێرخوازى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان ئەنجامدرا.
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠٢١) لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر، یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز لە نێوان یاریزانان (نازەنین ساڵح) و، (ئۆشین محسن) بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامى یارییەکەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و هاندەران بەڕێوەدەچوو، لە ئەنجامدا یاریزان (نازەنین ساڵح) فێرخوازى قۆناغى یەکەم لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە(١) ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یارییەکە بباتەوە.
بۆ بایەخدان بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش کە لە ڕێکەوتى (٢/٤/٢٠٢١) تا (٣/٥/٢٠٢١) بەرەدەوام بوو، فێرخوازان لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشدارى لە یارییەکاندا کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى سەرمێز بەوە لە یارییەکانى دیکە جیا دەکرێتەوە، کە پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە یاریزانان زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، مەدالیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.