(٥٢) پڕۆژەى دەرچوون وەک پڕۆژە نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستنیشانکران
بەئامانجى گرنگیدان بەدەرخستنى توانا و شارەزایی و لێهاتووى دەرچووانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پەرەپێدان بەکەلتورى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان فێرخوازانى زانکۆ، لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى زانستى تایبەت بەتوێژینەوە نایابەکانى فێرخوازان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسە زانستیەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٠/٦/٢٠٢١)، بەئامادەبوونى کەمال موسلم وەزیرى بازرگانى وپیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان و ، پرۆفیسۆر دکتۆر نادر نانەکەلى ڕاوێژکارى ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و فێرخوازان و، کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پڕۆژە نایابەکانى فێرخوازان لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکان، لەگەڵ ناونیشانى توێژینەوەکان و ناوى توێژەران و سەرپەرشتیارانى توێژینەوەکان ئاشکرا کران و، ناسناوى توێژینەوە (نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠-٢٠٢١) بەدەستهێنا.
لەسەرەتاى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و، ووتى: کۆمەڵگە وحکومەتە پێشکەوتووەکان بەتوێژینەوەى زانستى توانیویانە بگەنە ئەو ئاستە، بۆیە گرنگیدان بە توێژینەوەى زانستى لەسەر ئاستى مامۆستایان و فێرخوازان وەک دەستەى ئەمیندارییەتى زانکۆکانى جيهان بەئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین، چونکە توێژینەوەى زانستى واتا زانین و دۆزینەوە، بۆیە گرنگە لە پاڵ حکومەت کەرتى تایبەتیش گرنگى بەتوێژینەوەى زانستى بدەن و، هاوکارى و پاڵپشتى توێژەران و مامۆستایان و فێرخوازان بکەنز
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا ئامادەبووان و میوانان ئاماژەى بەدیدگەى زانکۆکەى بۆ بوارى توێژینەوەى دەرچوانى فێرخوازان کرد و ووتى: ئێمە لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ دەرخستنى توانا و شارەزایی و لێهاتووى دەرچووان و، پەرەپێدان بەکەلتورى پێشبڕکێى زانستى لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکانى زانکۆکەمان لە نێوان فێرخوازان لەلایەک و مامۆستایانى سەرپەرشتیار لەلایەکى دیکە، بۆ ساڵى چوارەممە ئەم کۆنفرانسە زانستیە ڕێکدەخەین، وتیشى پڕۆژەی دەرچوون، کە لەڕێگەی پلاندانانی زانستی گونجاوەوە جێبەجێ دەکرێ یەکێک لە پێداویستیە سەرەکیەکانى زانکۆ بۆ پێوانەکردنی ئاستى ئەو زانست و زانیاریانەى فێرخواز لە ماوەى خوێندنى زانکۆدا فێرى بووە، هەروەک بەڵگەنامەیەکى زانستى زانکۆیی گرنگیشە بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یەکێک لە پسپۆڕیەکان لە زانکۆ.
سەبارەت بە چۆنیەتى دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنى توێژینەوەکان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: توێژینەوەکان لەلایەن لێژنەى زانستى هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنى ناوەڕۆکى توێژینەوەکان لەلایەن بەشە زانستیەکان دەستنیشانکراون، ئەمڕۆش لەم کۆنفرانسە زانستیەدا، ناوى توێژەران و توێژینەوەکانیان و ناوى سەرپەرشتیارانى توێژینەوەکان ئاشکرا دەکەین، ئەوان ناسناوى (توێژینەوە نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠-٢٠٢١) بەدەست دەهێنن، ئەمەش دەسکەوتێکى زانستى و مەعنەوى گرنگە بۆ فێرخوازان و سەرپەرشتیاران، لەهەمان کاتدا مایەى شانازیشە بۆ زانکۆکەمان کەتوانیویەتى فێرخواز و توێژەرى بەتوانا بۆ کۆمەڵگەمان بەرهەم بهێنێ.
لە کۆتایى وتارەکەیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر ووتى: مایەى خۆشحاڵیەوە کە ئاستى فێرخوازانمان گەیشتۆتە ئەم قۆناغەى ئێستا و، بەشێک لەم توێژینەوانە لە گۆففارە ئاستەبەرزەکان متمانەیان بەدەستهێناوە و پەسندکراون بۆ بڵاوکردنەوە، ئەوەش دەسکەوتێکى زانستى گرنگە بۆ زانکۆى جیهان بەتایبەت و هەرێمى کوردستان بەگشتى، بۆیە لەم بۆنە زانستیە گرنگەدا پیرۆزبایی لە فێرخوازان و سەرپەرشتیاران ومامۆستایان و سەرۆکایەتى بەشە زانستیەکان دەکەم، کە توانیوایانە فێرخوازى بە توانا لە زانکۆکەمان بۆ کۆمەڵگە پێبگەێنن، دڵنیایەم ئەم بۆنە زانستیە دەبێتە وێستگەیەکى گرنگ لەژیانى فێرخوازن بۆ ناساندنیان و دەرخستنى تواناکانیان و، ڕەنگدانەوەى گرنگ و گەورەشى لەسەر شاڕێى ژیان و کارکردنى داهاتوویان دەبێ.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، لە ڕێگەى (٦) پانێڵەوە توێژینەوە نایابەکان لەلایەن فێرخوازانەوە پێشکەشکران، بەو شێوەیە لە کۆى (٣٠٦) توێژینەوەى دەرچوونى تیمى فێرخوازان لەسەر ئاستى (١٦) بەشى زانستی (٥٢) توێژینەوە توانیویانە ناسناوى توێژینەوە نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بەدەست بهێنن.
لە کۆتایى کۆنفرانسەکەشدا، خەڵات و دیارى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەر تیمى فێرخوازانى ئامادەکردنى توێژینەوە نایابەکان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار دابەشکرا.