پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆکانى ئوردن واژۆ دەکات
لە بەردەوامى دیدار و چالاکیە زانستیەکانى، شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى شانشینى هاشمى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان، ڕۆژى دوشەممە ڕێکەوتى (٦/٥/٢٠٢٤) کۆمەڵێک چالاکى جۆراوجۆریان بەڕێوەبرد.
لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆکانى ئوردن واژۆ کرد، وەک لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، ئاستى گرنگیدان بە بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکى نوێ، بەتایبەت لە بوارەکانى هاوکارى و هەماهەنگى زانستى لە بوارەکانى بەڕێوەبردنى کۆڕ و وۆرکشۆپ و کۆنفرانسى زانستى و، ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، لەگەڵ چەندین تەوەر و بابەتى دیکەى گرنگ و جێى بایەخى هەردولا.
هەر لە پەراوێزى بەڕێوەچونى چالاکیەکان؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانین و درعى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە دکتۆر مأمون محمد ئەلدبەیعى ئەمیندارى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى شانشینى ئوردنى کرد.
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا؛ لە شارى هەولێرى پایتەخت دیداری خوێندنی باڵا لە نێوان کوردستان و ئوردن بەڕێوەچوو، کە تیایدا زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەوەى سپۆنسەرى دیدارەکەى کرد بوو، لەهەمان کاتدا لە ڕێکخستن و ئامادەکردن و بەڕێوەبردنى دیدارەکەدا ڕۆڵێکى دیار و کاراى هەبوو.