پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ پێشوازى لە شاندێکى ڕێکخراوى جایکاى ژاپۆنی کرد
بۆ سود وەرگرتن لە پڕۆژەى فێرخوازانى زانکۆ و بەتایبەت فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیارى بۆ پەرەپێدانى پلانى شارنشینى، شاندێکى ڕێکخراوى (جایکا)، کە ئاژانسێکی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنییە سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکى لەبارەى پێکهاتەى زانکۆ و بەشە زانستیەکان و ژمارەى فێرخوازان و، ئاستى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و تواناى فێرخوازان پێشکەش بەشاندى میوان کرد و، ڕایگەیاند: لە زانکۆى جیهان-هەولێر چەند چوار بەشى ئەندازیارمان هەیە و، ساڵانە فێرخوازان پڕۆژەى جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن، بۆیە دەکرێ سوود لە بیرۆکە و پرۆژەکانیان بۆ پەرەپێدان لە بوارە جیاکان وەربگیرێت.
لەبەرامبەردا، (ئەنتوان سورا) بەڕێوەبەرى پلاندانانى شار و پلانى بەکارهێنانى زەوى، کە سەرۆکایەتى شاندەکەى دەکرد؛ وتى وەک ڕێکخراوى چایکا لە چوارچێوەى پلانى پەرەپێدانى گەشەپێدانى بەردەوام، دەخوازین پەیوەندییە پتەو لە نێوان دامەزراوەکانى حکومەت و کەرتى تایبەت لە عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەت دروست بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێ سوود لە بیرۆکە و پرۆژەکانى فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیاران وەربگرین و بۆ گەشەپێدانى شارەکان کاریان لەسەر بکەین، لەو بوارەشدا بەوردى باسى لە کار و پڕۆژە و هەنگاویانیان کرد.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا، بەگرنگیەوە باس لەلایەنە جیاکانى پلاندانانى شار و گەشەپێدانى بەردەوام لە چوارچێوەى ماستەرپلانى شارەکان کرا، بەتایبەت لە ئێستادا کە گەشەسەندنى دانیشتوان بەڕێژەیەکى بەرچاو ڕوى لە زیادبوون کردوە.