زانکۆى جیهان-هەولێر دەرفەتى خوێندنى ماستەر لە پۆڵندا بۆ دەرچوان ڕادەگەێنێت
لەبەر ڕۆشنایی بڕگە و ماددەکانى ڕێککەوتنامە هاوبەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر، دەتوانن داواکارى بۆ زانکۆکانى پۆڵندا پێشکەش بکەن بەمەبەستى درێژەدان بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لەو وڵاتە.
لەماوەى ڕابردودا، شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى (پۆڵندا)ى کرد و، چەندین دیدار و کۆبونەوە و ڕێککەوتنامەى لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆ ئاستبەرزەکانى ئەو وڵاتە واژۆکرد، لەو چوارچێوەیەدا؛ زانکۆى جیهان-هەولێر دەرچوانى بەشەکانى ئەندازیارى شارستانى و ژمێریارى (Civil Engineering , Finance and Accounting) ئاگادار دەکات، کە هەلى تەواوکردنى خوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) بۆ ڕەخساندون، هاوکات زانکۆى جیهان-هەولێر فێرخوازان لە بەشەکانى دیکە ئاگادار دەکات، کە ئەم دەرفەتەى خوێندن تاوەکو سەرجەم بەشەکان بەردەوام دەبێت و، لە داهاتویەکى کورتدا ئەم دەرفەتەکە بۆ چەند بەشێکى دیکەى زانکۆکەمان بڵاودەکرێتەوە.
ئەو زانکۆیانەى پۆڵندا ناویان لە لیستی زانکۆیە باوەڕ پێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە خوازیاران لە ڕێگەى ژمارە تەلەفونى (07508381000) دەتوانن زانیارى زیاتر لەبارەى ئەو دەرفەتەەى خوێندن بەدەست بهێنن، هاوکات هەر لە چوارچێوەى ئەو پرۆسەیەدا و، بۆ چۆنیەتى پێشکەشکردنى داواکارى و بە دەستهێنانی ئۆفەری خوێندن و دابینکردنى شوێنی حەوانەوە و ڕایکردنى کاروباری ڤیزە؛ خوازیاران لە ئێستاوە تا کۆتایی ئەم مانگە دەتوانن سەردانى بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەناو کەمپسى زانکۆ بکەن.