کاریگەری نەخۆشی کۆرۆنا لەسەر جەستەی توشبوان
لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى زانکۆى جیهان-هەولێر، فێرخوازان تاقیکردنەوە لەبارەى کاریگەرییەکانى نەخۆشى کۆرۆنا لەسەر جەستەى توشبوان دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناخى دوەم، بەبەشدارى ژمارەیەک لە مامۆستایانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزشکى تاقیکردنەوەکانیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان دەستیان بەپشکنینەکان کرد بەتایبەت کاریگەرییەکانى کۆرۆنا لەسەر سییەکان و پەستانی خوێنى توشبوان، پاشان ئەنجامەکانى ئەم پشکنیانە لەگەڵ ئەو کەسانە بەراورد دەکەن، کە دوچارى نەخۆشییەک نەبون.
فێرخوازان ڕۆژانە و بەشێوەیەکى بەردەوام لە تاقیگەکانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى کارەکانیان بەڕێوەدەبن و، ڕۆژانە پشکنین لەو کەسانە وەردەگرن کە دوچارى پەتاى کۆرۆنا بون.
ئەنجامدانى ئەم جۆرە چالاکى و توێژینەوە زانستیە لە تاقیگەکان، جگە لەوەى لە ڕوى زانستیەوە توێژینەوەکە بەهایەکی زانستی بەرز و گرنگی بۆ کۆمەڵگە دەبێت، لەهەمان کاتدا دەبێتە یارمەتیدەرێکى باش بۆ ڕاهێنانى فێرخوازان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بەتایبەت بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا و بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکەدا.