یاری کۆتایی خولى تۆپى پەرمووچ بۆ کوڕانى زانکۆى جیهان بەڕێوەچوو
لە یارى کۆتایی خولى تۆپى پەڕەمووچ بۆ فێرخوازانى کوڕ، کە لە نێوان دوو فێرخوازى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، بەیەکێک لە یارییە گرنگەکانى ئەو خولە دادەنرا، چونکە پاڵەوانى خولەکەى تێدا دەستنیشان کرا، هەربۆیە یاریزانان زۆر بەهێزى یارییەکەیان دەکرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠٢١)، یارى کۆتایی خولى تۆپى پەرەمووچ لە نێوان یاریزانان بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان (هەژار وەهاب عبدول حەمید) و، (سەردار عیرفان عەبدوڵلا) بەڕێوەچوو.
لەو یارییەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و هاندەران لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یاریزان (هەژار وەهاب عبدول حەمید) توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە(١) ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یاری کۆتایی بباتەوە.
لە پێناو بایەخدان و ئاوەڕلێدانەوە بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش کە لە ماوەى (٩/٤/٢٠٢١) تا (٣/٥/٢٠٢١) بەردەوام بوو، تیایدا (١٥) فێرخواز لەسەرجەم کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى پەرمووچ یەکێکە لە یارییە وەرزشییە گرنگەکان، کە خاوەن تایبەتمەندى خۆیەتى و، پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە یاریزانانى کوڕ لە ماوەى بەڕێوەچوونى ئەو خولەدا زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئەکرەم عەبدول واحید مەدالیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.