بەبەشدارى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى پلانەکانى لە کوردستان تاوتوێ دەکات
بۆ دروستکردنى هەماهەنگى نێوان دامەزراوە زانستیەکانى ئاڵمانیا و، زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەبەشدارى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى پلانەکانى لە کوردستان تاوتوێ کرد.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٨/٢٠٢١) ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى (DAAD) سمینارێکى بەشێوەى ئۆنلاین ڕێکخست، لەو سمینارەدا هەریەک لە (دکتۆر عبدالستار كريم سعيد) یاریدەدەررى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، (دکتۆر صالح مصطفى صالح) بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان تێدا کرد.
هاوکات لە سمینارەکەدا، دکتۆر ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، نوێنەرى ژمارەیەک لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و، کلێمنس زێمتنەر کونسڵى گشتى کۆمارى ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە هەرێمى کوردستان ئامادەیبوون چەند تەوەرێکى زانستى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەدا، بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى داد تیشکى خستە سەر چەندین بابەتی گرنگ، کە سەرجەمیان پەیوەست بوون بەکار و پڕۆژەکانی ئایندی دامەزراوەی ئەڵمانی لە هەرێمی کورستان و دەرفەتەکانی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە کوردستان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: زانکۆکانی هەرێمى کوردستان ومامۆستایان و فێرخوازان دەتوانن داواکاری پێشکەشى ڕێکخراوى دادى ئەڵمانى بکەن بەمەبەستی دروستکردنى هەماهەنگی لەگەڵ زانکوکانی ئەڵمانی بۆ ئەنجامدانى تۆێژینەوەى زانستى و ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان.