بەشی پەروەردەی گشتی پیشانگەیەکی شێوەکارى دەکاتەوە
بۆ هاندانى زیاترى فێرخوازان و دەرخستنى بەهرە و لێهاتووەکانیان لە بوارە جیاوازەکان، سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەیەکى شێوەکارى بۆ یەکێک لە فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١١/٥/٢٠٢١) بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایانى بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەک لە فێرخوازان لەناو کەمپسى زانکۆ، لەلایەن پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆرە مەيسون طاهر حەیدەرى یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى یەکەمین پیشانگەى شێوەکانى فێرخواز (مریەم ماهر) فێرخوازى قۆناغی یەکەمی بەشی پەروەردەی گشتی کرایەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى تابلۆکانى پیشانگەیەکدا، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، مامۆستایانى ئامادەبوو دەستخۆشیان لەو فێرخوازە کرد و، هانیاندا بەردەوام بێ لە کردنەوەى ئەو جۆرە پیشانگەیانە و پەرەپێدانى زیاتر بەهونەرەکەى، چونکە بوارى شێوەکارى یەکێک لە بوارە گرنگەکانى هونەر.
لەو پیشانگە شێوەکاریەدا (١٥) تابلۆی ئاوی بە چەند ناونیشانێکى جیاواز نمایشکرابوون، فێرخواز (مریەم ماهر) ڕوونکردنەوەی تەواوی لەبارەى هەریەک لە تابلۆیەکان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، مانا و گرنگی هەر یەکێک لە تابلۆکانى بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، بەشى زۆرى وێنەکان گوزارشتیان لە خودی مرۆڤ و پاڵەپەستۆی رۆژانەى سەر مرۆڤى دەکرد، بەتایبەت ئەو کار و ئەستەمیانەى کە ژن لە بوارە جیاوازەکان دەیکەن.