فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بەسەردانێکى مەیدانى یەکێک لە کۆمپانیاکان بەسەرکردەوە
بۆ لە نزیکەوە ئاشناکردنى فێرخوازانى بەشەکەیان لە چۆنیەتى بەڕێوەبردنى کارى کۆمپانیاکان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٥/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستایانى یاردەیدەر (بوشری عەلى) و (سوهێر سەعدەدین)، فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کۆمپانیاى ئیحسان بۆ بازرگانى گشتى و پێداویستیەکانى خۆراک لە شارى هەولێر کرد.
بەگەیشتنیان بە کۆمپانیاکە، لەلایەن (یەحیا زێدان بەکر) بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکە پێشوازییەکى گەرمیان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى ستراتیژیەتى کارکردن و چۆنیەتى فرۆشتن و کڕینى کۆمپانیاکەیانى لەلایەن کڕیاران و کۆمپانیاکان بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک باسى چۆنیەتى ڕاکێشانى سەرەنجى کڕیاران و باوەڕپێهێنانیان بۆ کڕینى بەرهەمى کۆمپانیاکەیان بە کواڵیەتیەکى بەرز و بەنرخێکى گونجاو بۆ فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار ڕوونکردەوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکە بەوردى تیشکى خستە سەر چۆنیەتى بەبازارکردنى بەرهەمەکانیان، بۆ ئەوەش بەگرنگیەوە باسى لە بوارى ڕێکلام و ناساندنى بەرهەمەکانیان لە ڕێگەى پەیوەندى گشتى و نوێنەرى کۆمپانیاکەیان لە بازارى کار کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار کۆگاکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن سەرپەرشتیارانى کۆگان باس لە گرنگى کۆگاکردنى بەرهەمەکان و جیاوازیکردن لە نێوان چۆنیەتى کۆگاکردنى بەرهەمى سارد و بەرهەمى ئاسایی کرا، چونکە کۆگاکردنى بەرهەم و کەلوپەل لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەیەکێک لە کارە گرنگەکان دادەنرێ لەپێناو پاراستنى بەرزى کواڵیتى بەرهەم و پاراستنى متمانەى نێوان کۆمپانیاکان و کڕیاران، ئەوەش پێویستى بەشارەزایی و لێهاتووەیەکى تەواو هەیە بۆ ئەوانەى لەو بوارە کاردەکەن.