
بەشی کارگێڕی کار دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابیانی پەیمانگەی ڕووناکی نابینایان لە هەولێر بەڕێوەبرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 28, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 25/11/2026، بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێشخەرییەکی مرۆییی نوێی ئەنجام دا، کە تێیدا شاندێکی بەشەکە بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی و، بە بەشداریی فێرخوازانی هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەم، سەردانی پەیمانگەی ڕووناکی نابینایانیان لە هەولێر کرد کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامانە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کاتی گەیشتنیاندا لەلایەن مامۆستا ڕەنج مەجید حەمید یاریدەدەری کاروباری فەرمانبەران و، ژمارەیەک لە ستافی وانەوتنەوەی پەیمانگەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
پەیامی هاندان
پێش دابەشکردنی سەبەتە خۆراکییەکان و، وەک هەنگاوێکی هاندەرانە، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی گفتوگۆی لەگەڵ قوتابیانی نابینادا کرد و، هانی دان کە لەدەستدانی بینایی نەکەنە ڕێگر لە بەردەم سەرکەوتن و داهێناندا.
نموونەیەکی زیندووی سەرکەوتن
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی نموونەیەکی زیندووی لە چیرۆکی سەرکەوتنی کچەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، کە لە زگماکەوە نابینا بووە، بەڵام توانیویەتی تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەر بکات و، لە قۆناغی شەشەمی ئامادەییدا پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە نوێنەرایەتی هەولێر بەدەست بهێنێت، دواتریش لە بەشی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە پلەی سێیەم دەرچووە و، گەشتی چەندین وڵاتی کردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتیەکانی قورئانی پیرۆزدا؛ ئەم چیرۆکە کاریگەرەش بە چەپڵەڕێزان و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە لەلایەن قوتابیان و ستافی وانەوتنەوەی پەیمانگەکەوە پێشوازیی لێ کرا.
دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی و بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی پەیمانگە
لە بڕگەیەکی تری سەردانەکەدا، (21) سەبەتەی خۆراکی بەسەر قوتابیانی پەیمانگەکەدا دابەش کران. لە کۆتاییی سەردانەکەشدا، مامۆستا ڕەنج مەجید حەمید باسی لە هەندێک لە ئاستەنگ و کەموكوڕییەکانی پەیمانگەکە کرد و، ئاماژەی بە پێویستیی پەیمانگەکە بۆ هاوکاریکردن لە تەواوکردنی کەموکوڕییەکانی تاقیگەی زانست و پێداویستییە وەرزشییەکان کرد، و، لیستێکی پێشکەش بە شاندەکە کرد کە کۆمەڵێک پێداویستیی گرنگی لەخۆ گرتبوو، لە بەرامبەریشدا شاندی زانکۆ بەڵێنی پێشکەشکردنی دەستی هاوکاری و پاڵپشتیی پێ دان.



