زانکۆى جیهان-هەولێر بووە ئەندامى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU)
زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لەبەردەوامى هەوڵە زانستیەکانى بۆ ئەندامبون لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و، بەدەستهێنانى متمانەى ڕێکخراوە و یەکێتیى و کۆمەڵەکانى تایبەت بەخوێندى باڵا لەسەر ئاستە جیاوازەکانى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى و نێوخۆیی، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU)، زانکۆى جیهان-هەولێرى وەک ئەندامێکى کارایی کۆمەڵەکەیان پەسند کرد.
کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (International Association of Universities) لە ڕێکەوتى (١٧/٤/٢٠٢٣) بە ئیمزاى هیلیگێ ڤانت لاند (Hilligje van’t Land) سکرتێرى گشتى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان بڕوانامەى ئەندامبوونى پێشکەش بەپڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، وەک لە بڕوانامەکەدا هاتووە (لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە زانکۆی جیهان-هەولێر، عێراق ئەندامێکی تەواو و چالاکە لە کۆمەڵەى نێودەوڵەتی زانکۆکان).
کۆمەڵەى نێودەوڵەتی زانکۆکان ناسرو بە (IAU) لە ساڵی (١٩٥٠) وەک کۆمەڵەیەکى سەر ئاژانسى (یونسکۆ) دامەزراوە و، لەلایەن ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسراو بە(ECOSOC) پێگەی ڕاوێژکاری تایبەتی پێدراوە. (IAU) کۆمەڵەیەکى جیهانی پێشەنگی زانکۆ و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی خوێندنی باڵایە لە سەرانسەری جیهان، لە ئێستادا نزیکەی (٦٠٠) ئەندامى لە زیاتر لە (١٣٠) وڵات هەیە.
(IAU) ساڵانە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سازدەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکانى پەیوەست بە خوێندنی باڵا، لەو بوارەشدا ئەندامانى کۆمەڵەکە سوود لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بەرفراوان وەردەگرن و، دەتوانن ببنە بەشداربوویەکى چالاک لە هەموو گروپەکانی کارکردن و چالاکییەکانی (IAU)، هەروەها بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆک و دەستەی کارگێڕی کۆمەڵکەدا دەکەن، ئەوە جگە لە ڕەخساندنى دەرفەتى تەواو بۆ سودوەرگرتنى لە ئەزمونى ئەندامان لە بوارە جیاکان بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیە جیاکان، ئەندامبون بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر لە (IAU) دەبێتە دەروازەیەکى نوێى کارکردن لەگەڵ ئەندامانى کۆمەڵەکە و، بەشداریکردنى کارا لە کۆنفرانس و چالاکیە زانستیەکاندا.