زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتنامەیەکى لێتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا ئیمزا دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ (پرۆفیسۆر دکتۆر کریشتۆڤ پریچ) سەرۆکى شاندى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا باسیان لە ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردولا کرد بۆ ئەنجامدانى کارى هاوبەش لە داهاتودا.
لە میانەى دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٣/٢٠٢٢) بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردوو زانکۆ کرا.
لەو بارەیەوە و لەسەرەتاى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى گەشەکردنى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بۆ شاندى میوان باسکرد، هەروەک باسى لە ئەرک و کار و پلانەکانى داهاتوى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کرا بۆ چۆنیەتى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆکانى جیهان بەتایبەت لە کردنەوەى لقى دیکەى زانکۆکە لە چەند شوێنێکى دیکە.
هەر بۆ ئەو مەبەستە شاندى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا میوان باسیان لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت ڕونکردەوە، هەروەک خۆشحاڵى خۆشیان پیشاندا بەئاستى پێشکەوتویی زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت لە ڕووى چۆنایەتى، هیواشیان خواست لە داهاتودا لە ڕێگەى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەکى لێگەیشتن لە نێوان هەردوو زانکۆ بتوانن کارى پێکەوەیی ئەنجام بدەن بەتایبەت لە بوارى بەستنى کۆنفرانسى هاوبەش و اڵوگۆڕى ستافى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى هاوبەش لە پێناو خزمەتکردن بەڕەوتى زانستى و بەرەوپێشبردنى لایەنى مەعریفى و ئاڵوگۆڕى زانستى، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو جۆرە ئامادەییەکى زانکۆى بۆ ئەو بوارانە پیشاندا.
واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەردانى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبوارە جیاکان.