چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکارانى وەزارەت و، سەرۆکى زانکۆکانى و، ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان دەستى بەکارەکانى خۆى کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٣/٢٠٢٢)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان کۆنفرانس دەستى پێکرد و پاشان چەند وتەیەک پێشکەش کرا.
لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان بەگرنگیەوە باسى لە بوارى بایۆلۆجى و تەندروستى لە کۆمەڵگە کرد و ڕایگەیاند: ” بوارى پزیشکى بەگشتى و، بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەتایبەت ڕۆژ بەڕۆژ لە گەشەسەندن و نوێبونەوەیە، زانستخوازان لە وڵاتانى پێشکەوتوو لە هەوڵ و داهێنانى بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتە تەندروستیەکان بەکەمترین زیانى لاوەکى، لە بوارى زانستیشدا پسپۆڕییەکان ساڵ دواى ساڵ بەرەو وردبونەوە دەڕوا”.
سەبارەت بەکۆنفرانسەکە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارەکەیدا ڕاگەیاند: ‘ لە ڕێگەی خستنەڕووى توێژینەوەکانى ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەوە باس لە بابەتەکانی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان دەکەین، چونکە ئێمە پێمانوایە توێژینەوەی زانستی کۆڵەگەی سەرەکی هەر زانکۆیەکی مۆدێرنە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هانى توێژەرانمانداوە باشترین توێژینەوەکانیان لە بوارەکەدا پێشکەش بەلێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس بکەن، لە ئەنجامدا (82) توێژینەوە لە زانکۆ جیاکانى وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵندا، ئوردون، تورکیا، سعودیە، هند، نایجیریا، مصر، پاکستان، ئێران، سوریا و، یەمەن، عێراق و هەرێمى کوردستان) پێشکەش بەلێژنەی زانستی کۆنفرانس کرا، دواى هەڵسەنگاندنى زانستى لە ئاکامدا (27)یان ڕەتکرانەوە و، (55) توێژینەوەیان پەسەندکران و وەرگیران، کە (19)یان نێودەوڵەتین، لەهەماندا کاتدا (36) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق پەسندکران، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker لە ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، پۆڵندا و، سوید، بەریتانیا بۆ کۆنفرانس پەسەندکران، کە لەماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانس لە ڕێگەى پانێڵە جیاکانەوە بۆچون و توێژینەوە زانستیەکان دەخرێنەڕوو”. لە خوارەوە دەقى وتارەکەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دانراوە.
هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و ڕۆڵى زانکۆ لە پەرەپێدان بە توێژینەوەى زانستى کرد و، ووتى: کۆمەڵگە وحکومەتە پێشکەوتووەکان بەتوێژینەوەى زانستى توانیویانە بگەنە ئەو ئاستە، بۆیە گرنگە زانکۆ بایەخى تایبەت بدات بە توێژینەوەى زانستى، ئێمەش لە زانکۆکانى جیهان هەموو کات هانى ئاستى مامۆستایان و فێرخوازان توێژینەوەى گرنگ ئەنجام بدەن، بۆیە وەک دەستەى ئەمیندارییەتى زانکۆکانى جیهان ئەو کارەمان بەئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین، چونکە توێژینەوەى زانستى واتا زانین و دۆزینەوە، ئەم کۆنفرانسانەش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، لەبەرئەوە گرنگە لە پاڵ حکومەت کەرتى تایبەتیش گرنگى بەتوێژینەوەى زانستى بدەن و، هاوکارى و پاڵپشتى توێژەران و مامۆستایان و فێرخوازان بکەن.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەنوێنەرایەتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى ئەوەى دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە، بەتایبەت سەرۆکی زانکۆ و تیمی سەرپەرشتیار و ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کرد، کە هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئەوەی کەرنەڤاڵە زانستی و ئەکادیمییەدا کۆبکەنەوە، ڕایگەیاند: “وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە گرینگیەوە دەڕوانێتە ئەنجامدانی کۆنفڕانسە زانستییەکانی زانکۆکانمان، بەهۆی ئەوەی کە ئەرکی زانکۆ جگە لە پێگەیاندنی پسپۆر و کادیری پیشەیی بۆ بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان، ئەڕکی دووەمی بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بێگومان ڕێکخستنی ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە زەمینەسازی و دەرفەت دروست دەکات بۆ ئەوەی توێژەرانی زانکۆکانمان هاوشانی توێژەرە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی بەرهەم و ئەنجامی توێژینەوەکانیانەوە دەست بخەنە سەر کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و ڕێگەمان نیشان بدەن بۆ چۆنییەتی چارەسەر و ڕووبەڕوو بوونەوەیان، ھاوکات ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە دەبێتە ھۆی لە یەکتر نزیکبوونەوەی ئەکادیمیستان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونیان لەسەر بابەتە زانستیەکان و ھاوبەشیکردنی یەکتر لە پڕۆژەکانیان”.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و ڕایگەیاند: “جێیى خۆیەیتى لێرەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەین، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕۆڵی کارای هەبوە لە بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەک لەلامان ڕوونە کە ئەم زانکۆیە چەندین کۆنفرانسی زانستی لەبوارە جیاجیاکاندا ئەنجام داوە و چەندین توێژینەوەی زانستی لەگۆڤارە جیهانییە ئاست بەرزەکاندا بڵاوکردۆتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە یەکێک لە توێژەرە دیارەکانی سەر ئاستی عێراق و جیهان لەم زانکۆیەدا بوو، ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە ئەم زانکۆیە لەچەندین بوار و ڕووی ترەوە لە زانکۆ پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوە، بۆیە سوپاس و دەستخۆشی تایبەتمان ئاڕاستەی بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و ستافی کارگێڕی ئەم زانکۆیە دەکەین و هیوادارین هەروەک چۆن لە ڕابردوو کار و پرۆژەی گەورەیان ئەنجام داوە، لە داهاتوشدا بەردەوام بن لە بەرەوپێش چوون و ئەنجامدانی کاری زانستی زیاتر.
دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکە، بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژى خایاند، تیایدا (٥٥) توێژینەوەی زانستى ئاست بەرز لە ڕێگەى چەندین پانێلى جیا دەخرێنەڕوو.
زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى پێشکەشکردن و بەستنى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیە جۆراوجۆرانە، توانیویەتى ڕۆڵی گرنگ بگێڕى لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان و، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و، چارەسەرکردنى کێشە تەندروستى و پزیشکیەکان لە هەرێمى کوردستان.
ئەوەش دەقى وتارەکەى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
بەڕێز نوێنەرىى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
بەڕێزان توێژەرانى ئازیز
میوانانى خۆشەویست
بەخێر بێن بۆ چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر.
وەک دەزانین بوارى پزیشکى بەگشتى و، بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەتایبەت ڕۆژ بەڕۆژ لە گەشەسەندن و نوێبونەوەیە، زانستخوازان لە وڵاتانى پێشکەوتوو لە هەوڵ و داهێنانى بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتە تەندروستیەکان بەکەمترین زیانى لاوەکى، لە بوارى زانستیشدا پسپۆڕییەکان ساڵ دواى ساڵ بەرەو وردبونەوە دەڕوا.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کوردستان، لە ئێستادا خاوەن دوو کۆلێژ و (٧) بەشى زانستى پزیشکى و تەندروستیە، لەهەمانکاتدا لەهەوڵ و ئامادەکارییەکانمان بەردەوامین بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى ددان و پزیشکى دەرمانسازى، بۆ ئەوەش باشترین تاقیگەى پزیشکیمان بەنوێترین ئامێرى پزیشکى بۆ فێرخوازان و توێژەران ئامادە کردوە، لەگەڵ دابینکردنی کادری ئەکادیمی لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتانى جیهان لەبوار و پسپۆڕییە جیاکان.
ئامادەبوانى خۆشەویست
زانکۆکەمان لە ڕووى زانستیەوە، ساڵانە چەندین کۆنفرانس و ورکشۆپ و سیمپۆزیۆمى زانستى لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەڕێوەدەبات تا بەردەوام بەشە زانستیەکان خۆیان نوێ بکەنەوە و ئاشناى گۆڕانکارى و داهێنانە نوێیەکان لە بوارە جیاوازەکان بن، بەستنى چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێکى دیکە لە کۆنفرانسە زانستیانەى کە ماوەیەکى زۆرە لە زانکۆکەمان ئامادەکارى بۆ دەکرێ.
بەڕێزان…
ئێمە پێمانوایە توێژینەوەی زانستی کۆڵەگەی سەرەکی هەر زانکۆیەکی مۆدێرنە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هانى توێژەرانمانداوە باشترین توێژینەوەکانیان لە بوارەکەدا پێشکەش بەلێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس بکەن، لە ئەنجامدا (82) توێژینەوە لە زانکۆ جیاکانى وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵندا، ئوردون، تورکیا، سعودیە، هند، نایجیریا، مصر، پاکستان، ئێران، سوریا و، یەمەن، عێراق و هەرێمى کوردستان) پێشکەش بەلێژنەی زانستی کۆنفرانس کرا، دواى هەڵسەنگاندنى زانستى لە ئاکامدا (27)یان ڕەتکرانەوە و، (55) توێژینەوەیان پەسەندکران و وەرگیران، کە (19)یان نێودەوڵەتین، لەهەماندا کاتدا (36) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق پەسندکران، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker لە ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، پۆڵندا و، سوید، بەریتانیا بۆ کۆنفرانس پەسەندکران، کە لەماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانس لە ڕێگەى پانێڵە جیاکانەوە بۆچون و توێژینەوە زانستیەکان دەخرێنەڕوو.
هەر لە چوارچێوەى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەدا، دوو وۆرکشۆپى نیودەوڵەتى تایبەت بە (مۆدێلی جۆراوجۆر لە ڤیترۆ بۆ چارەسەری شەکرە) و (شێوازی نوێ بۆ ڕێجیم، شێوازی ژیان، تاقیکردنەوەی پراکتیکى بەرەو چارەسەر بەبێ دەرمان) لەلایەن دوو پسپۆڕى نێودەوڵەتى لە زانکۆکانى (پۆڵندا و ئوسترالیا) بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایدا:
ئومێد دەکەین لە ڕێگەى خستنەڕوى توێژینەوەکان، توێژەران و ئامادەبوان گفتوگۆیەکى بەرهەمدار لە پێناو پێشخستنى زانست ئەنجام بدەن و، دەرئەنجامى کۆنفرانسەکەش ببێتە هەوێنى پڕکردنەوەى کەلێنێک لەبوارى بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان.
دوبارە بەخێربێن بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر
پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
٢٨/٣/٢٠٢٢