زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتننامەیەکى لەگەڵ کۆلێژی زانکۆیی تەکنیکی لومینۆس (LTUC) ئیمزا کرد
لە بەردەوامى فراوانکردنى بازنەیى پەیوەندیی زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان، زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتنامەیەکى لێتێگەیشتنى لەگەڵ کۆلێژی زانکۆیی تەکنیکی لومینۆس (LTUC)ى ئوردونى ئیمزا کرد، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕکردنى بوارى زانستى و بەدیهێنانى هەماهەنگى و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوانیان.
ڕۆژى پێنچ شەممە رێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠٢٢) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە دکتۆر ضرغام لە کۆلێژی زانکۆیی تەکنیکی لومینۆس (LTUC)ى ئوردونى و، دکتۆر محمد مەیزیانى لە زانکۆى ماستریکتى هۆڵندى.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بەمیوانان کرد و، ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە و لە ساڵى ٢٠٠٧ کراوەتەوە، ئەم زانکۆیە لەو ماوەیەدا گەشەسەندنێکى فراوانى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا خاوەنى (٢٥) بەشە، وتیشى زانکۆکەمان خاوەن نوخبەیەک لە مامۆستا و شارەزایی خاوەن ئەزمونە، کە زۆربەیان لە وڵاتانى دەرەوە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، لەڕوى کواڵیتى خوێندنەوە (١٣) بەشى زانستیمان خاوەن بڕوانامەى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانە.
لەسەر ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆکەمان خاوەن تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى زانستیە لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆ و عێراق و هەرێمى و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان، هیواشى خواست ئەو ڕێکەوتننامەیەش درگایەکى دیکە بێ بەڕووى فرازانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانمان.
پاشان، هەریەک لە دکتۆر ضرغام لە کۆلێژی زانکۆیی تەکنیکی لومینۆس (LTUC)ى ئوردونى و، دکتۆر محمد مەیزیانى لە زانکۆى ماستریکتى هۆڵندى بەجیا وتەیان پێشکەش کرد و، سوپاسى پێشوازییەکەیان کرد، هەروەک سەرسامى خۆیان پیشاندا بەئاستى گەشەسەندن و فروانبوونى زانکۆى جیهان لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى لەو ماوە کورتەى تەمەنى زانکۆدا، پاشان باسیان لە گرنگى ڕێکەوتنامەى زانستى لە نێوان زانکۆکان کرد بۆ بەرەوپێشبردنى زیاترى ئاستى زانستى و ئەکادیمى و سوودوورگرتن لە ئەزمونى یەکتر.
دوابەدواى دیدارەکە، لە مەراسیمێکدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر ضرغام لە کۆلێژی زانکۆیی تەکنیکی لومینۆس (LTUC)ى ئوردونى ڕێکەوتنمایەکى هاوبەشیان ئیمزا کرد، وەک لە ڕێکەوتنامەکەدا هاتووە و لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە جەخت لە پەرەپێدانى زیاتر بەپەیوەندییە زانستیەکان و، ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و بەشداریکردن لە وۆرکشۆپ و سمینار و کۆنفرانسى زانستى و، بەشداریکردن لە خولى ڕاهێنانی پیشەیی و ئەکادیمی بەپێى پێداویستیەکان و گەڕان بەدوای دەرفەتەکان بۆ دروستکردنى پەیوەندیکردن لەگەڵ خاوەنکارەکان بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى دامەزراندن بۆ دەرچوان.