لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەیان بوتڵ خوێن بەخشرایە بانکى خوێن
بەچاودێرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى تیمى گەڕۆکى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن لە شارى هەولێر هەڵمەتێکى فراوانى خوێن بەخشین لە ناو زانکۆ بەڕێوەچوو.
هەڵمەتەکە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر ئامینە سەباح سەرۆکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و، دکتۆر صانع ئەبابكر ئەرگووشی بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، ژمارەیەکى بەرچاو لە فێرخوازان و مامۆستایان بەدەم تیمى گەڕۆکى بانکى خوێن هاتن و بەبەخشینى بوتڵێک خوێن بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کرد.
یەکێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەشدارى هەڵمەتەکەى کرد، وتى: بەخشینى بوتڵێک خوێن دەبێتە هۆى ڕزگارکردنى ژیانى مرۆڤێک لە مردن، وتیشى من زیاتر لەهەر کەسێک هەست بەگرنگى ئەم هەڵمەتە دەکەم، چونکە هاوڕێیەکەم کە نەخۆشى سالاسیمیاى هەبوو، بەهۆى نەبوونى خوێن کۆچى دواییکرد.
یەکێکى دیکە لە کارمەندانى تیمى گەڕۆکى خوێن بەخشینەکەش وتى: تیمەکەمان ئامادەیە بۆ وەرگرتنى خوێن لە هەر دەزگا و دامەزراوەیەک، ئەمڕۆش لە پێناو دابینکردنی خوێنی پێویست بۆ نەخۆشانی سالاسیمیا و تووشبووانی شێرپەنجە و وابەستەبووانی شتنی گورچیلە لەسەر بانگهێشتى زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵمەتى وەرگرتنى خوێنمان دەستپێکرد، ئەوەش جێگەى دەستخۆشى و ڕێز کە زانکۆ سەرپەرشتى هەڵمەتێکى لەو جۆرە ەکات.
دکتۆر ئامینە سەباح سەرۆکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى وتى: لەسەرەتاى دامەزراندنى بەشەکەمان لە زانکۆ بەڵێنمان بەخۆماندا کە ساڵانە جارێک بۆ دوو جار بەشدارى لەهەڵمەتى خوێن بەخشین بکەین، چونکە بەپێى توێژینەوەکان دەرکەوتوو لەماوەى هەر (٣) سێ چرکە جارێک مرۆڤێک پێویستى بەبوتێڵێک خوێن هەیە، بۆیە مایەى خۆشحاڵیە وەک نەریتێەکى ساڵانەى زانکۆکەمان و، لە پێناو خزمەتکردن بەکۆمەڵگە و، بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى وبەکەلتورکردنى گیانى خۆبەخشى لەنێو فێرخوازان بەشێوەیەکى تایبەت و، لە نێو کۆمەڵگە بەشێوەیەکى گشتى، ئەمساڵیش وەک ساڵەکانى دیکە بەشداریمان لە هەڵمەتى فراوانى خوێن بەخشینى لە کەمپى زانکۆ کرد.
لە میانەى بەڕێوەچوونى هەڵمەتەکەدا، ژمارەیەکى زۆرى فێرخوازان لە قۆناغ و بەشە جیاکان و مامۆستایان بەدەم بانگەوازەکەى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر هاتن، بەشێوەیەک لە ماوەى تەنها یەک کاتژمێر لەلایەن خوێن بەخشان (41) بوتڵ خوێن پێشکەش بەتیمى گەڕۆکى بانکى خوێن لە شارى هەولێر کرا.
وەک توێژینەوەکان جەختى لەسەر دەکەنەوە خوێن ببەخشن، جگە لەوەى لە ڕووى مرۆیە دەبێتە هۆکارى ڕزگاربوونى ژیانى کەسێک لە مردن، لەهەمان کاتدا لە ڕووى دەرونى و جەستەیی و تەندروستى کەسى خوێن بەخشیش سودى زۆر گەورەى لێ وەردەگرێ، جگە لەوەى لەسەر ئاستى کۆمەڵگەش دەبێتە هۆکارێک بۆ فراوانکردنى گیانى خۆبەخشى و هاوکارى لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگە.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، بەردەوام لە ڕێگەى پڕۆژەى جیا توانیویەتى خزمەت پێشکەش بەکۆمەڵگە و سێکتەرە جیاکانى حکومەت بکات، بەشداریکردنى لەم هەڵمەتەش بەبەشێکى گرنگ لە کارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە قەڵەمدەدرێ، کە ساڵانە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەبات.