زانکۆى جیهان (١٣) سکۆلەرشیپى لە ڕوسیا بۆ دەرچوانى دەستەبەر دەکات
لە بەردەوامى پڕۆژە ستراتیژییەکانى زانکۆى جیهان بۆ دابینکردنى سکۆلەرشیپ بۆ دەرچوانى لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان، لە ماوەى ڕابردودا (١٣) سکۆلەرشیپى لە ڕوسیا بۆ دەرچوانى دەستەبەر کرد و، لە مەراسیمێکدا فێرخوازان بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکران.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠٢٣) لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا.
لەو بارەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردن لەوانەى سکۆلەرشیپەکانیان بەدەستهێناوە ڕایگەیاند: پلانى زانکۆکانى جیهان تەنها ئەوەیە نیە لە دواى چوار ساڵ خوێندن بڕوانامەى بەکالۆریۆس ببەخشێت بە دەرچوان، بەڵکو بڕوایەکى بەهێزمان بەوە هەیە، کە بنەمایەکى تۆکمە لە ڕێگەى زانست و مەعریفە بۆ ئەو وڵاتە دابین بکەین، وتیشى بەدەستهێنانى ئەو سکۆلەرشیپە بۆ دەرچوانمان یەکێکە لەو ڕێگەیانە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشیکردەوە کەلتورى جۆراوجۆر وڵاتێکى پێشکەوتوو بونیاد دەنێ، بۆیە ئێمەش دەرچوانى خوێندنى باڵا لە وڵاتان و زانکۆ جۆراوجۆرەکان دەتوانن بەڕێگەیەکى کورت و بەماوەیەکى کەم هەرێمێکى پێشکەوتوو دروست بکەن، چونکە هەر وڵاتێک لە بوارێکدا خاوەن ئەزمونێکى پێشکەوتنە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئەزمونى پێشکەوتویی ڕوسیا لە بوارە جۆراوجۆرەکانى وەک (پزیشکى چاو، پزیشکى ئێسک، فیزیا، ئەتۆم، ماتماتیک…هتد)، هیواشى خواست بەسود وەرگرتن لەو دەرفەتەى زانکۆى جیهان، فێرخوازانن بتوانن ببنە خاوەن ئەزمونێکى سەرکەوتوون، دوپاتیشیکردەوە وەک زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەن کارئاسانى تەواویان پێشکەش بکەن تا دانانى سەرپەرشتیارێکى هاریکاریش بۆ ئەوەى بەسەرکەوتویی ئەو قۆناغەى خوێندن تەواو بکەن.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە میانەى وتەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لە هێنانى ئەزمونى وڵاتانى جۆراوجۆر کرد بۆ پێشخستن و پتەوکردنى ئەزمونى هەرێمى کوردستان، دوپاتیشیکردەوە دامەزراوەکانى جیهان هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆى دەخاتەگەر بۆ پەرەپێدانى تواناى لاوان و بەرەوپێشبردنى پڕۆسەى خوێندن لە کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش دەخوازن سود لە ئەزمون و مەرعریفەى وڵاتە جۆراوجۆرەکان وەربگرن، لە کۆتایشدا فێرخوازانى ڕاسپارد لە توێژینەوەکانیاندا بایەخ و گرنگى بەو بابەتانە بدەن، کە بۆ ئەمڕۆى کوردستان جێگەى گرنگ و هەڵوەستە لەسەر کردنن لە بوارە جیاکان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا سەرجەم سکۆلەرشیپەکان پێشکەش بە فێرخوازان کران کە بریتیبوون لە (٦) دکتۆرا و (٦) ماستەر و (١) بەکالۆریۆس.
هەر لە پەراوێزى ئەو مەراسیمەدا، بڕوانامەى دەرچوون و بەشداریکردن بەسەر بەشداربوانى خولى زمانى ڕوسى پێشکەشکرا، کە لەماوەى ڕابردودا لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.