سەرۆکایەتى بەشی یاسا سیمینارێکی زانستی دەربارەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕێکدەخات
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی (2026/1/15)، سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سیمینارێکی زانستیی تایبەت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە هۆڵی (VIP)ی زانکۆدا ڕێکخست.
چالاکییەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەش و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا دکتۆر حەمدی سنجاری، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەشکرد و، ئاماژەى بە کۆمەڵێک تەوەرەی سەرەکیی کرد و، سەرەتا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بنەڕەتی و گرنگی کۆمپانیاکە لە بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا.
هەر لە میانەى قسەکانیدا دکتۆر حەمدی سنجاری باسی لە سروشتی ئەو گرێبەستە نەوتییانە کرد کە لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێن و، بنەما یاسایی و کارگێڕییەکانی ڕێکخستنی گرێبەستەکانی ڕوونکردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیای سۆمۆ و پێکهاتەی ڕێکخراوەییەکەی، لەگەڵ دیاریکردنی ئەرکە سەرەکییەکان و ئەو میکانیزمە کارگێڕی و یاساییانەی کۆمپانیاکە لە کارەکانیدا پەیڕەوی دەکات. جگە لەوانە، ئاماژەی بە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق و پەیوەندیی کۆمپانیاکە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا کرد، هاوکات ئەو تەحەددییانەشی خستە ڕوو کە ڕووبەڕووی پڕۆسەکانی بەبازاڕکردن دەبنەوە لەژێر سایەی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی دکتۆر حەمدی سنجاری کرد بۆ ئەو زانیارییە بەنرخانەی پێشکەشی کردن و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە کردەوە.







