فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ بەشدارییان لە خولێکی تایبەت بە کەرەستەی پزیشکی لە تاقیگەیەکى پزیشکیدا کرد
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (07ی ئایاری 2023)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەشدارییان لە خولێکی تایبەت بە کەرەستەی پزیشکی لە تاقیگەی بایۆی پزیشکی لە شارى هەولێر کرد، کە تایبەت بوون بە تاقیگەی بایۆلۆجی بۆ بابەتی (ئامرازی پزیشکی)، ئەوەش درێژەپێدەری وانەکانی پێشوویان بوو، لە نەخۆشخانەی مێهرەبانی وەریان گرتبوو.
لەو خولەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر سیروان احمد مامۆستای بابەت (ئامێری پزیشکی) بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەشداریەکى کاریان تێدا کرد و، لەلایەن (عومەر نەبیل) (بەڕێوەبەری تاقیگە) بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، دواتر فێرخوازان زنجیرەیەک بابەتیان وەرگرت کە لەلایەن ستافی تاقیگەی بایۆوە پێشکەشیان کرا.
جگە لە لایەنى تیۆرى و، لە ڕوى پراکتیکیشەوە فێرخوازان لە ماوە خولەکدا بەرکەوتەی نوێترین ئامێر و کەرەستەکانى بەردەست لەم تاقیگەیەدا بوون، کە سەرجەمیان پەیوەندییان بە بواری زانستى بایۆمیدیکالەوە هەیە، بۆ ئەوەش بەوردى ئاشنایى چۆنیەتی بەکارهێنانی هەریەک لەو تەکنەلۆژیا و ئامێرانە بوون، کە لە تاقیگەکەدا بەکاردەهێندرێن.
لە کۆتایدا؛ فێرخوازان خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا کە لە نزیکەوە ئاشنای کارى تاقیگە و بەکارهێنانى ئامێرە تاقیگەییەکانى بوون.