زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێبساینس (WoS)دا هەر یەکەمى زانکۆ تایبەتەکان
لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێبساینس (InCites – Web of Science WoS) بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢)، زانکۆی جیهان-هەولێر، جگە لەوەی لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکان هەر لە پلەى یەکەمدایە، لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا وێبساینس (WoS) نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، بەپێى ئەو ڕیزبەندییە نوێیە زانکۆى جیهان-هەولێر لە نێو زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هەر لە (پلەی یەکەم)دا ماوەتەوە، هاوکات لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستانیش (ڕیزبەندى سێیەم)ى بەدەستهێناوە، کە بەراورد بە وەشانى پێشتر پلەیەک هاتۆتە پێشتر، لەسەر ئاستى گشتى سەرجەم زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە، کە ژمارەیان (١٢٢) زانکۆیە، زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى (١٥)یەمین هاتووە.
لە ڕیزبەندییەکەدا ئەوەش هاتووە، کە زانکۆى زانکۆی جیهان – هەولێر لە ماوەى یەک ساڵدا توانیویەتى (٢٠٥) بەڵگەنامەی لە (WoS-indexed) تۆمار بکات، بەوەش توانیویەتى (٥٢٦) سایتەیشن (Citations) کۆبکاتەوە. بەم شێوەیە زانکۆی جیهان هەولێر توانیویەت زۆرترین فاکتەری کاریگەر کۆبکەنەوە.