فێرخوازانى بەشى ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك سەردانێکی زانستیی بۆ سەنتەری (HUB MAKERS Erbil) ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکانی بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠٢٥) سەردانێکی زانستییان بۆ سەنتەری (HUB MAKERS Erbil) لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر عادل حسێن محەمەد بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بەشداربوون، لە کاتی گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن ئەندازیار محەمەد ئەسەدی، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا و خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە دەربڕی. پاشان لە وتەیەکیدا بەڕێوەبەری سەنتەرەکە تواناکان و میکانیزمەکانی کارکردنی سەنتەرەکەی خستەڕوو، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک نموونە و پرۆژەی دروستکراو لەناو سەنتەرەکەدا. ئەم پرۆژانە کۆمەڵێک سیستمی تێکەڵکراوی (سۆفتوێر + هاردوێر) و، چەندین جۆر ڕۆبۆت، تەکنەلۆژیای زیرەکەکانى لە خۆگرتبوو، هەروەها دروستکردنی پارچەی یەدەگ بە بەکارهێنانی چاپکەری سێ ڕەهەندی، ئامێری چاپکردنی بە ڕەزین، ئامێری CNC بۆ نەخشاندن و ڕازاندنەوەش هەبوون، ئەوە جگە لە ئامێری بڕینی لەیزەری لەخۆگرتبوو.
بۆ ئەو مەبەستەش لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشنایى شێوازی بەکارهێنانی مێزی کۆکردنەوەی بۆردە ئەلکترۆنییەکان و کۆمەڵێک پرۆژەی ژینگەیی کرد، کە پشت بە تەکنەلۆژیا نوێ و پشتگیریکراو بە ژیریی دەستکرد دەبەستن، پاشان فێرخوازان گفتوگۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرى سەنتەرەکە کرد و کۆمەڵێک بیروڕایى زانستیان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ستافى ئاراستەی کارگێڕیی سەنتەرەکە کرد بۆ پێشوازییان. لە بەرامبەردا، ئەندازیار محەمەد ئەسەدی چەندین پێشنیاری تایبەتی پێشکەش کرد بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی دەرچوونی فێرخوازانى بەشەکە، بە ئامانجی یارمەتیدان لە خستنەڕوویان لە بازاڕی ناوخۆییدا لە داهاتوودا.