فێرخوازانى بەشى زمانی ئینگلیزی چالاکییەکی هۆشیارکردنەوە لەسەر زیرەکیی دەستکرد بۆ کەسانى خاوەن پێداویستییە تایبەت بەڕێوەدەبەن
لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٨/١٠/٢٠٢٥، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتییان ئەنجامدا، کە تیشکی خستە سەر گرنگیی زیرەکیی دەستکرد لە خزمەتکردنی کەسانى خاوەن پێداویستییە تایبەت.
چالاکییەکە لە بەردەم قەڵای هەولێر بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (مەروە مەحمود ئەمین) بەڕێوەچوو، لە میانەى چالاکیەکەدا فێرخوازان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و دوکانداران و ڕێبواران و هاوڵاتیان دیداریان ئەنجامدا و، باسیان لە ڕۆڵی گرنگى تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە باشترکردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد، بۆ ئەوەش پرۆشۆر و بڵاوکراوەی ناساندنیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرد، کە زانیارییان لەسەر چۆنیەتیی بەشداریکردنی زیرەکیی دەستکرد لە بەهێزکردنی دەستگەیشتن (accessibility)، پاڵپشتیکردنی خوێندنی تایبەتمەن، و بەشداریکردن لە بوارەکانی تەندروستی و چارەسەردا لەخۆگرتبوو، هاوکات جەختیان لەسەر ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد لە زوو دۆزینەوە، دانانی پلانی چارەسەری تاکەکەسی،و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردەوە.
فێرخوازان لە میانەى چالاکیەکەیاندا، ئەوەشیان ڕوون کردەوە، کە چۆن پشت بەستن بە زیرەکیی دەستکرد ئاسانکاری بۆ پەیوەندیکردن، گواستنەوە و کارە ڕۆژانەییەکان دەکەن ، چونکە سیستمەکانی فێربوونی زیرەکى دەستکرد خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و خێرایی پێشکەوتنیاندا دەگونجێنن.







