فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن هەڵمەتێکى مەیدانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان بەڕێوەبرد
لە چالاکییەکی مەیدانیدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، کەمپەینێکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “توندوتیژیی بەرامبەر بە ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگە” لە ناو بازاڕی گەورەی شاری هەولێر و دەوروبەری قەڵای مێژوویی ڕێکخست.
کەمپەینەکە لەلایەن هەریەک لە (سەفین ئەکرەم و ئەحمەد زیاد) فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕێکی زۆر برۆشووری هۆشیارییان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرد. ناوەڕۆکی برۆشوورەکان پێکهاتبوو لە ناساندنی جۆرەکانی توندوتیژی و ڕێگاکانی خۆپاراستن لەو فشارانەی ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە. فێرخوازان لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەدوان و جەختیان لەسەر گرنگی ئاشنابوون بە مافە یاساییەکان و پەنابردن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتی پێویستدا دەکردەوە.
بەشێکی دیکەی چالاکییەکە تەرخان کرابوو بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە پاراستنی شکۆی ژن و ئافرەت ئەرکێکی گشتیی کۆمەڵایەتییە و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست. هاوڵاتیانی شاری هەولێر بە گرنگییەوە لەم هەڵمەتەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریان ڕوانی و دەستخۆشییان لێ کردن.







