فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی باس لە ستراتیژییەکانی خوێندنەوەی داهێنەرانە بۆ قوتابیانى قوتابخانەی بانى تایبەت دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانى قوتابخانەى بانى تایبەتیان کرد و سیمینارێکیان بە ناونیشانى “ستراتیژییەکانی خوێندنەوەی داهێنەرانە” پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی حەوتەم کرد.
ئەم چالاکییە لە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر پۆلا تەحسین محەممەد بەڕێوەچوو، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لە کاتی گەیشتنیان بە قوتابخانەکە، لە لایەن گۆران رەزا حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بانی تایبەت، پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش کرد و، تیایدا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک ستراتیژی داهێنەرانە کرد بۆ باشترکردنی تواناکانی خوێندنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نموونەیان بە تەکنیکەکانی وەک چیرۆکگێڕانەوە، ڕۆڵبینین و یارییە کارلێککەرەکانی خوێندنەوە هێنایەوە، کە بۆ هاندانی خەیاڵ، تێگەیشتن،و بەشداریکردنی چالاک و فێربوون گرنگن.
هاوکات فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە بەشێکى دیکەى باسەکەیاندا جەختیان لەسەر بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان کردەوە بۆ ئەوەی وانەکانی خوێندنەوە سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر بن. جگە لەوەش، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەرکە داهێنەرانەکانیان خستەڕوو، بەتایبەت لە کێشانی دیمەنەکانی ناو چیرۆکەکان، پێشبینیکردنی کۆتاییەکان و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی خوێندنەوەی بە کۆمەڵ، بۆ پەرەپێدانی هاوکاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هاندان.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى قۆناغی سێیەمى بەشى زمانى ئینگلیزى سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕی و ستافی قوتابخانەکە کرد بۆ پێشوازی گەرم و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە.






