فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی سیمینارێکی زانستییان لە بارەى ژیرى دەستکرد لە کۆلێژی کۆڵنز پێشکەش کرد
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/٩/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى کۆلێژی کۆڵنزیان لە شارى هەولێر کرد و سیمینارێکیان بەزمانى ئینگلیزى لەبارەى “گرنگیی ژیریی دەستکرد لە باشترکردنی تێگەیشتنی خوێندنەوەدا” پێشکەشکرد.
چالاکیەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر، مروە مەحموود، بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان، بەگەرمى لەلایەن سەفەر محەمەد حەسەن، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، و خاتوو سارا، یاریدەدەری ڕێکخەری کۆلێژی کۆڵنز پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەشکرد و، بە وردی ئەوەیان شیکردەوە کە چۆن ژیریی دەستکرد (AI) بە شێوەیەکی بنەڕەتی شێوازەکانی فێرکردن و فێربوونی خوێندنەوە دەگۆڕێت. ئەوان جەختیان لە بەهای ڕەسەنی خوێندنەوە کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی توانستی زمانی ئینگلیزی، کە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پەرەپێدانی هزری ڕەخنەگرانە و، بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ئەکادیمی و بەردەوامیدان بە فێربوون لە تەواوی ژیاندا. جگە لەمەش، لە میانەى سیمنارەکەیاندا ڕوونیان کردەوە چۆن تێکەڵکردنی ستراتیژییانەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو ئاستەنگە باوانە کەم بکاتەوە کە فێرخوازان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لەوانە کەمیی وشە، زەحمەتییەکانی تێگەیشتن ..هتد.
سمینارە زانستییەکەى فێرخوازان بە پرسیار و وەڵامی کارلێککارانە کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان پرسیاری پەیوەندیداریان دەربارەی بەکارهێنان و کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لە پەروەردەدا کرد، پاشان، ئاڵوگۆڕێکی بەرهەمداری زانیاری و تێڕوانین لە نێوان فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانى کۆلێژی کۆڵنز بۆ زمانی ئینگلیزی ڕوویدا.