فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی ئامادەیی دارین هۆشیارى لەبارەى ڕۆژى تەندروستی دەروونی جیهانی بڵاودەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 9/10/2025، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوەى تەندروستی دەروونی (کە ساڵانە لە 10ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت)، سیمینارێکی زانیاریبەخش و تێڕامانییان لە قوتابخانەی ئامادەیی دارین پێشکەش کرد.
چالاکییەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (مەروە مەحموود) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان، بە گەرمی لەلایەن مامۆستا (سالم سەباح ساڵح)، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی دارین، پێشوازییان لێکرا. لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازان ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، تیشکیان خستە سەر گرنگیی ڕۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوە بە تەندروستی دەروونی، هەروەها باسی هۆکار و کاریگەرییەکانی کێشە تەندروستییە دەروونییەکانیان کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بەو گرفتانەی کە هەرزەکاران ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئەوە جگە لە باسکردن لە جۆرە باوەکانی ناڕێکیی دەروونی کە کاریگەرییان لەسەر گەنجان هەیە، لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لەسەر گرنگیی بایەخپێدانی خێزان و هاوڕێیان لە پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانە کردەوە کە ڕووبەڕووی گرفتی تەندروستیی دەروونی دەبنەوە. جگە لەوەش نیشانەکانی کێشە تەندروستییە دەروونییەکانیان ڕوون کردەوە، پاشان فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى کۆمەڵێک ئامۆژگارییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد کرد و ڕایانگەیاند: “تۆى قوتابى بە تەنیا نیت.” بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ڕێنمایی پراکتیکییان پێشکەش کرد دەربارەی چۆنیەتیی تێپەڕاندنی ناڕێکییە دەروونییەکان و کەی و لە کوێدا یارمەتیی پڕۆفیشناڵ وەربگیرێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە تەندروستییە دەروونییەکان.
وەک بەشێک لە کەمپەینی هۆشیارکردنەوەکەیان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕۆشوری هۆشیارکردنەوەی تەندروستی دەروونی جیهانییان بەسەر مامۆستایان و قوتابیانى پۆلەکانی 10 و 11دا دابەش کرد، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانیاری و بەردەوامبوونی هۆشیارکردنەوە لەنێو کۆمەڵگەی قوتابخانەکەدا.