فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی سەردانى پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ بەشی پرۆتۆکۆڵی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا.
ئەم سەردانە، کە لە چوارچێوەی ڕاهێنانێکی پراکتیکى لەبارەى پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دڵدار عەزیز بەرپرسی کاروباری پرۆتۆکۆل و ژمارەیەک لە کارمەندانی بەشەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان یاوەری فێرخوازانیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى هۆڵەکانی کۆبوونەوەکان، لەوێش ڕوونکردنەوەیەکی تەواویان لەسەر بنەماکانی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا، بەتایبەت ئەو بنەما پرۆتۆکۆلیانەى کە لەو هۆڵانەدا پەیڕەو دەکرێت و، پەیوەست بە شێوازی ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکان، ئەوەش بەپێی ڕێسا و بنەما دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا بۆ پەڕلەمانى کوردستان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی کتێبخانەی پەرلەمانیان کرد و لەلایەن محەمەد پیران بەڕێوەبەری کتێبخانە پێشوازییان لێکرا، لە میانەى بەسەرکردنەوەى کتێبخانەکەدا کورتەیەکی لەسەر گرنگترین کتێب و وەرگێران و بەرگەکانی ناو کتێبخانەکە و شێوازەکانی ڕێکخستن و پۆلێنکردنیان پێشکەش بە فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی کرد، هاوکات ئاماژە بەو سەرچاوە زانستیانە کرد کە بە خوێندنی ئەکادیمی و کاری دیپلۆماسیی لە کتێبخانەکەیان بەردەستن، ئامادەیی خۆشى پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی خوێندنی ئەکادیمی و کاری دیپلۆماسی لەگەڵ فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دوپاتکردەوە.