فێرخوازانى بەشی کارگێڕی گشتی سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٨/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (مەحموود بەشکالی) بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
لە میانی سەردانەکەدا، سەرەتا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن (ئەحمەد محمد ابابکر)، بەڕێوەبەری داهات و خەرجییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیی بودجە، پێشوازییان لێکرا. دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا پوختەیەکی زانیاری گشتى لەبارەى ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و ڕۆڵی گرنگییان لە ئامادەکردنی بودجەی گشتی و ڕێکخستنی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسی لە جۆرەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و ئەو میکانیزمانە کرد، کە بۆ پۆلێنکردن و بەڕێوەبردنیان لە چوارچێوەی دارایی گشتیی حکومەتدا بەکاردەهێنرێن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، خوێندکاران و سەرپەرشتیاری بابەتەکە، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (مەحموود بەشکالی)، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەری داهات و خەرجییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیی بودجە و تەواوی ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد، بۆ پێشوازیی گەرم و هاوکارییان لە سەرخستنی ئەم ئەزموونە پەروەردەییە بە نرخە.