فێرخوازانى بەشی یاسا بە سەردانێکی زانستی مەیدانی نووسینگەیەکی پارێزەرایەتی بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی شارەزایی پراکتیکی فێرخوازانى بەشی یاسا، سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (2025/10/1) بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد جەودە و مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن، سەردانێکی زانستی مەیدانیان بۆ نووسینگەى پارێزەری ڕاوێژکار، زەمەنکۆ عەلی حسێن لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە سەردانەکەدا، کە ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغەکانی دووەم و پێنجەم بەشدارییان تێدا کرد، سەرەتا لەلایەن پارێزەری ڕاوێژکار، زەمەنکۆ عەلی حسێن، پێشوازییان لێکرا. پاشان باسى لە کاروبارەکانى نوسینگەى ڕاوێژکارى کرد، بۆ ئەوەش شیکردنەوەیەکی ورد سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بە دۆسیەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەر لە کاتی وەرگرتنی دۆسیەکان لەلایەن پارێزەر تاوەکو دەرچوونی بڕیاری دادگا ، دواتر باسى لە وردەکارییەکانی چۆنیەتی پێشکەشکردنی داواکاری و یاداشتە یاساییەکان و ئامادەبوون لەبەردەم دادگاکانی بۆ فێرخوازان کرد.
سەبارەت بە لایەنی کرداری دۆسیەکانیش، پارێزەری ڕاوێژکار، زەمەنکۆ عەلی حسێن بەوردى باسى لە بنەما و ڕێکارەکانى ئامادەکردنی دۆسیە یاساییە بەهێز و کاریگەرەکان کرد، بۆ ئەوەش تیشکى خستنە سەر لێهاتووییەکانی شیکردنەوەی ڕووداوە یاساییەکان و جێبەجێکردنی دەقە یاساییە پەیوەندیدارەکان هەروەها، ستراتیژییەتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی دۆسیەکان بۆ فێرخوازان تاوتوێ کرد، بە جۆرێک کە باس لە فرەچەشنی دۆسیەکان کرا (وەک تاوانکاری، شارستانی، بازرگانی، کارگێڕی) و چۆنیەتی گونجاندنی شێوازی یاسایی بۆ سروشتی هەر جۆرێکیان.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر بنەماکانی ڕەوشت و ئەخلاقی پیشەی پارێزەرایەتی، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوونی پارێزەر بە بەرزترین ستانداردەکانی ئەخلاقی پیشەیی و دەستپاکی، پاراستنی نهێنییەکان، و دیاریکردنی ئەرکەکان بەرامبەر بە هەریەک لە موەکیلەکان، دادگا و هاوکارە پارێزەرەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە ئەخلاقی پیشەیی بە بنەمایەکی دانەبڕاو لە کاری پارێزەرایەتیدا دادەنرێت.